دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە شێوەیەکی "تەواوەتی" خەریکی لەناوبردنی ڕژێمی ئێرانە و هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی سەرکردایەتی ئەو وڵاتە کرد.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە: "ئێمە بە تەواوەتی خەریکی لەناوبردنی ڕژێمی ئێرانین، چ لە ڕووی سەربازی و ئابووری و چ لە لایەنەکانی دیکەوە." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران لەناوچوون و مووشەک و درۆن و سەرجەم توانا سەربازییەکانیان تێکشکێنراون، تەنانەت "سەرکردەکانیشیان لەسەر ڕووی زەوی سڕدراونەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی کتوپڕیدا و نووسیویەتی: "تەماشا بکەن بزانن ئەمڕۆ چی بەسەر ئەو 'پیاوخراپە تێکچووانەدا' دێت." جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی هێزێکی ئاگرینی بێ وێنە و تەقەمەنی بێسنوورە و کاتی تەواویشی لەبەر دەستە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ پەیوەندییەکی لە نێوان ژمارەی ساڵەکان و خولی سەرۆکایەتییەکەیدا دروست کرد و وتی: "ئەوان بۆ ماوەی ٤٧ ساڵە خەڵکی بێتاوان لە سەرانسەری جیهاندا دەکوژن، ئێستاش من وەک ٤٧ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوان دەکوژم؛ ئەمە شانازییەکی گەورەیە کە ئەو کارە ئەنجام دەدەم."
434 جار خوێندراوەتەوە