وەزیری پەروەردە کاتی کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکانی ئاشکراکرد

KNN : Kurdish News Network
01:28 - 06/05/2020
کوردستان
+
-

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە کۆبونەوەی دوێنی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردراوە تەنها بۆ کاتی تاقیکردنەوەکان دەرگای قوتابخانە و خوێندگاکان بکرێتەوە.

 

 

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستاندا ڕایگەیاند،هیچ ئاماژەیەک نیە کە کۆرۆنا لە کوردستان تەواو بووبێت بۆیە لەسەر ئەوە رێککەوتن بۆ قۆناغەکانی یەک هەتا یانزە تەنها بۆ کاتی تاقیکردنەوەکان دەرگای خوێندگاکان دەکرێنەوە،ئەوەش بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان.

 

 

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد،لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاسپێردراون پلانێک بۆ خوێندکارانی قۆناغی دوانزەش دابنێنن و دواتر حکومەتی هەرێم بڕیاری لێ دەدات.

 

 

وەزیری پەروەردە باسی ئەوەشیکرد،لە رێگەی ماڵپەڕی قوتابخانەی ئەلیکترۆنیەوە هەتا ئێستا 547 هەزار قوتابی و مامۆستا ئەکاونتەکانیان چالاک کردوە و بەکاریدەهێنن.

 

وتیشی بۆ ئەوە خوێندکارانەی کە ناتوانن ئەو ماڵپەڕە بەکاربهێنن،چەند رۆژێکە کەناڵی پەروەردیی کراوە بە کەناڵێکی ئاسمانی و لەوێیەوە سەرجەم وانەکان بڵاودەکرێتەوە.

46093 جار خوێندراوەتەوە