تاریق حەرب: ئەگەر حکومەتەکەی کازمی بۆ یەک ساڵ بێت هیچ بنەمایەکی یاسایی نابێت

KNN : Kurdish News Network
11:14 - 21/04/2020
عێراق
+
-

پسپۆڕێکى یاسایى رایدەگەینێت، پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لەعێراقدا کە کارەکانى بۆ ماوەى یەک ساڵ بێت، هیچ بنەمایەکى یاسایى و دەستورى نییە، ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانیش دەڵێت؛ بۆ دووبارە نەكردنەوەی سیناریۆكانی عەلاوی و زورفی، پێویستە لایەنە سیاسیەکان پشتیوانى کازمى بکەن.

تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی، لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ بەشى عەرەبى دیجیتاڵ میدیاى KNN، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی بۆ ماوەی ساڵێك لە عێراقدا وتى: "بەپێی دەستوری عێراق هەر حكومەتێك كە پێكدەهێنرێت دەبێت بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت، بەڵام قسەكردن لەبارەی حكومەتەكەی كازمی كە بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێت و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە".

هاوکات عەباس سروت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ڕەوتی حیكمە، كە پشتگیری كازمی دەكات، بە دیجیتاڵ میدیاى KNN راگەیاند، کازمى لە گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەردەوامە بۆ تەواوكردنی كابینەكەی، ئەوەش پشت دەبەستێت بە سازشی ئەو لایەنانە بۆ ڕێگەدان بە تەواوكردنی كارەكانی و دووبارە نەكردنەوەی سیناریۆكانی عەلاوی و زورفی.

مستەفا کازمى رۆژى (9)ى نیسان لەلایەن سەرۆك كۆمارى عێراقەوە بەفەرمی كاندیدكرا بۆ پێكهێنانی کابینەى نوێى حكومەتى عێراق، دواى هەریەکە لە محەمەد تۆفیق عەلاوى و عەدنان زورفى، سێیەم کاندیدى راسپێردراوە بۆ ئەو پۆستە.

بۆ خوێندنەوەى راپۆرتێک لەبارەى دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عێراق و ئاڵنگاریەکانى بەردەم کابینەکەى مستەفا کازمى، کلیلک لێرە بکە...

624 جار خوێندراوەتەوە