گەنجێكی ئوستورالی زیاتر لە جارێك بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ دەشكێنێتو سەردانی خۆشەویستەكەی دەكات، بەڵام دوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە سزایەكی قورس دەدرێت.
پۆلیسی ڕۆژئاوای ئوسترالیا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، گەنجێكیان دەستگیركردووە بەناوی جۆناسان دایڤد، تەمەن 35 ساڵ، بەهۆی ئەوەی لە هۆتێلێكدا لە شاری بریس كەرەنتینی ناچاریی شكاندووەو چووەتە دەرەوە.
جۆناسان بە مانگێك زیندانیكردنو غەرامەكردن سزا دراوە، بە هۆكاری چوون بۆ ماڵی خۆشەویستەكەی لەكاتی كەرەنتینەكردنیدا، بەوەش بووە بە یەكەم كەس سزای پێشێلكردنی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنای لە ئوسترالیا بەسەردا جێبەجێ بكرێت.
لەكاتی دادگایی كردنیدا ئەو گەنجە ئوسترالییە وتوویەتی، لە سەرەتادا بۆ دەستكەوتنی خواردن ئەو كارەی كردووە، دوای چەند كاتژمێرێكیش بۆ بینینی خۆشەویستەكەی جارێكی دیكە چووەتەوە دەرەوە، "چونكە زۆر بیرم دەكرد".
ئەگەر جۆناسان قەدەغەی هاتووچۆی نەشكاندایە، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ماوەی كەرەنتینەكەی تەواو دەبوو، بەڵام ئێستا دەبێت مانگێك لە زیندان بمێنێتەوەو بڕی دوو هەزار دۆلاری ئوستورالیی(هەزارو 280 دۆلاری ئەمریكی) وەك غەرامە بدات.
1043 جار خوێندراوەتەوە