72 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی حەوتی نیسانی ساڵی 1948 ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دامەزرا، بە مەبەستی گرنگیدان بە تەندروستی گشتی لەسەرجەم وڵاتانی جیهان و گەیاندنی هاوكاری بۆ ئەو وڵاتانەی كێشەی كەمیی دەرمان و بڵاوبونەوەی نەخۆشییان هەیە، لەگەڵ چەندین مەبەستی دیكەی گرێدراو بە سەلامەتی و لەشساغی هاوڵاتیانی جیهان.
دوای دوو ساڵ و لە حەوتی نیسانی ساڵی 1950، كە ساڵیادی دامەزراندنی (WHO) بوو، بڕیاردرا ڕۆژەكە تایبەت بكرێت بە ڕۆژی تەندروستی جیهانی و ئەو كارمەند و پەرستارانەی لەو بوارەدا كاردەكەن، یادەكەش هەر ساڵە و لەژێر ناونیشانێك و گرنگیدان بە بابەتێكی دیاریكراوی تەندروستی بكرێتەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێكخراوەكە گرنگی بە چەندین بابەتی دیاریكراو داوە و لەو ڕۆژەدا چەندین نەخۆشی و كێشەی تەندروستی باسكراوە، بەڵام یادی ئەمساڵ دەكەوێتە كاتێكی هەستیارەوە، ئەویش سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە لە زیاتر لە 200 وڵاتی جیهان حاڵەتەكانی تۆماركراوە و ژیانی سەدان هەزار كەسی خستووەتە مەترسییەوە.
ئەمساڵ پەرستاران و كارمەندانی تەندروستی كە خاوەنی ڕۆژەكەن، لەڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنادان و ئەركی پاراستنی تەندروستی مرۆڤایەتی كەوتووەتە سەرشانیان، دروشمی یادەكەش ناونراوە "پشتگیری پەرستاران و مامانەكان".
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوە كردووە، لە یادی ئەمساڵدا تیشك دەخەنەسەر دۆخی پەرستاران و كارمەندانی تەندروستی لە تەواوی جیهاندا، ڕێكخراوەكەو هاوكارەكانی چەندین ڕێنمایی نوێ دەردەكەن بۆ بەهێزكردنی تواناكانی ئەوان و پاراستنیان.
ڕۆژی تەندروستی جیهانی لەكاتێكدا یاد دەكرێتەوە، ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاترە لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەس لەو ژمارەیەش نزیكەی 74 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە كە بەشێكیان پەرستاران و كارمەندانی تەندروستین.
603 جار خوێندراوەتەوە