سەرجەم مارکێت و نانەواخانەکان دەکرێنەوە

KNN : Kurdish News Network
10:34 - 06/04/2020
کوردستان
+
-

دواى کاتژمێر 12ى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوو شەممە، قەدەغەى توندى هاتوچۆ لەسەرتاسەرى هەرێمدا هەڵدەگیرێت و هەمان ئەو رێنمایى و بڕیارانە جێبەجێ دەکرێت کە پێش 48 کاتژمێرەکە پەیڕەو دەکران، بڕیارە بە چەند قۆناغێکیش هاتوچۆ ئاسایى بکرێتەوە و لە سبەینێوە سەرجەم نانەواخانە و دوکانى بەقاڵ و مارکێتەکان دەکرێنەوە.


کۆتایى هاتنى 48 کاتژمێرى قەدەغەى توندى هاتوچۆ بەجۆرێک دەبێت، کە سەرجەم مارکێت و نانەواخانە و دوکانى بەقاڵەکان بە رێنمایى نوێوە دەکرێتەوە و پێویستە خاوەن دوکانەکان سەرجەم رێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن، ئەو قەدەغەى هاتوچۆیەى لەنێوان پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکانیشدا هەیە تا بەروارى (10/4/2020) بەردەوام دەبێت.

 

بەپێى زانیاریەکانى دیجیتاڵ میدیاى KNN، لە رۆژى هەینییەوە قەدەغەى هاتوچۆ لە تەواوى هەرێمى کوردستان هەڵدەگیرێت، بەڵام چەندین مەرج و رێنمایى تەندروستى دەدرێتە هاوڵاتیان و خاوەن کارەکان و بەپێى ئەو رێنماییە نوێیانە کردنەوەى شوێنەکان بەردەوام دەبێت.

 

دیجیتاڵ میدیاى KNN ئەوەشى زانیوە، کە لە رۆژى هەینى 10ى نیسان، پاش هەڵگرتنى قەدەغەى هاتوچۆ بەهیچ شێوەیەک رێگە بە گەشتکردن و هاتوچۆى نێوان پارێزگاکان و دانانى پرسە نادرێت.

 

لەبارەى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندنیش، تائێستا جگە لە پەیامەکەى رۆژى پێنج شەممەى رابردوى وەزیرى پەروەردەى هەرێم، هیچ بڕیارێکى نوێ نییە.


دیجیتاڵ میدیاى KNN هەوڵیدا زانیارى لەبارەى کردنەوەى مزگەوتەکان و دەستپێکردنەوەى نوێژى هەینى دەست بکەوێت، بەڵام هیچکام لە سەرچاوەکان بەردەست نەبوون.

31820 جار خوێندراوەتەوە