ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری بەرامبەر مەترسییەكانی مین

KNN : Kurdish News Network
10:12 - 04/04/2020
کوردستان
+
-

مین بەو جۆرە چەكە شارەوە مەترسیدارە دەوترێت كە لە ماددەی تەقەمەنی پێكهاتووە و لە چوارچێوەیەكی كانزای یاخود تەختە و پلاستیكیدا دەشاردرێتەوە و بە هێز خستە سەر بەو كەسە یاخود ئەو تەنەدا دەتەقێتەوە كە لێوەی نزیكە.

 

 
ئەو چاكە لەژێر خاك و چەند شوێنێكی دیكەی جیاواز لەلایەن هێزێكی سەربازی یاخود گروپێكی چەكدارەوە دەشاردرێتەوە، تاوەكو لایەنی بەرامبەر بكاتە ئامانج، بەڵام زۆرجار بە كەسانی مەدەنیدا دەتەقێتەوە و ئەوان دەبنە قوربانی.

 

بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بەرامبەر مەترسییەكانی مین، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2005وە ڕۆژێكی جیهانیی بۆ دیاریكرووە كە لە چواری نیساندا یاد دەكرێَتەوە، مەبەستیش لە دیاریكردنی بەرەنگاربونەوەی ئەو چاكە و پاكردنەوەی ئەو ناوچانەیە كە مینڕێژكراون.

 

هەرێمی كوردستان یەكێك لەو ناوچانەی بەشێكی خاكەكەی مینڕێژكراوە، ئەوەی بەهۆی داگیركاری بەردەوامی خاكی كوردستان و كێشە و ململانێكی نێوان هێزە كوردییەكان و حكومەتی عێراق، هەروەها جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، بەو پێیەی هەرێمی ڕووبەرێكی درێژی سنوری لەگەڵ ئێران هەیە.

 

ئەو ملیۆنان مینەی لەهەرێمی كوردستان چێنراوە قوربانییەكی زۆری لێكەوتووە، بەجۆرێك بەپێی ئامارەكانی دەزگای مین زیاتر لە 13 هەزار و 500 كەس بونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش نزیكەی 2650 كەسیان گیانیان لەدەستداوە  و نزیكەی 11 هەزار كەسی دیكەش برینداربوون، كەبەشێكیان كەسانی مەدەنی و بەشێكی دیكەشیان كارمەندانی دەزگای مین و ڕێكخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان بوون كە كاریان پاكردنەوەی ناوچە مینڕێژكراوەكان بووە.

 

ئەو ئامارانە لە دوای ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991وە تۆماركراون، بێگومان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا، سەدان پێشمەرگە و كەسانی مەدەنی بونەتە قوربانی ئەو چەكە.
هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە زیاتر لە 500 هەزار كیلۆمەتر لە كێڵگەكانی مین لە باشوری كوردستان، لەلایەن دەزگای مین و ڕێكخراوەكانەوەپاك كراونەتەوە، و توانراوە دووبارە سود لەو خاك و زەوییانە وەربگیرێتەوە.

 

ئەگەر كەوتیتە ناوچەیەكی مینڕێژكراو یاخود تەقەمەنیت بینی ئەم ڕێنماییانە جێبەجێبكە

 

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی 4ی نیسانی وەك ڕۆژی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بەرامبەر مەترسییەكانی مین دیاریكراووە، لەو ڕۆژەدا لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەوانەی بەشێكی زەوییەكەیان مینڕێژكراوە چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێت.

هەرێمی كوردستان كە سەدان هەزار كیلۆمەتری خاكەكەی مینڕێژە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاكی لەم ڕۆژەدا ئەنجام دەدا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، هیچ چالاكییەكی تایبەت ئەنجام نادرێت.

ئەنجامنەدانی چالاكییەكان ڕێگر نییە لەوەی هاوڵاتیان هۆشیاری تایبەت و بەردەوامیان هەبێت بەرامبەر مین بەتایبەت ئەگەر كەسێك كەوتە ناوچەیەك كە ئەو تەقەمەنییەی تێدایە، پێویستە چەند ڕێنماییەك جێبەجێ بكات، ئەوانیش بریتین لە:

1-      ڕاوەستان و نەجوڵان لەو شێنی خۆتدا.

2-      نەشەڵەژان و پاراستنی هێمنی، بۆ ئەوەی بە دروستی هەڵسوكەوت بكەیت.

3-      ئاگاداركردنەوەی كەسانی دەوروبەر لەڕێی تەلەفون كردن، هاوركردن، فیكەلێدان.

4-      ئەو كەسانەی ئاگادار دەكرێنەوە پێویستە پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەزگای مینەوە بكەن، تا تیمی شارەزا و پسپۆڕ بنێرن.

5-      ئارام گرتن بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك تا كاتی گەشتنی تیمەكان و ڕزگاركردنت.

 

سەبارەت بەو كەسانەی مین و تەقەمەنی لە شوێنێك دەبینین، ئەوانیش پێویستە ڕێنمایی تایبەت جێبەجێ بكەن كە بریتییە لە:

 

1-      دووركەوتنەوە لەو شوێنە و هەڵنەدانی هیچ شتێك بۆ مین و تەقەمەنییەكە.

 

2-      دانانی نیشانەیەك لە شوێنی سەلامەت تاوەكو كەسانی دیكە ئاگاداربن، وەك كەڵەكە بەرد، قوتو و داری ڕەنگكراو.

 

3-      ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان.
768 جار خوێندراوەتەوە