ئەندامێکی هاوپەیمانی شیعەکان جەخت دەکاتەوە،
عەدنان زورفی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت و شێوازی کاندیکردنەکەی ڕەت
دەکەنەوە، دەشلێت، ئەگەر هەر بەم شێوەیەیە بەردەوام بێت لەسەر پێکهێنانی کابینەکەی،
ئەوا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان ڕێگری دەکەن لە پەرلەمان دەنگی پێبدرێت.
حەسەن شاکر کەعبی، ئەندامی هاوپەیمانی شیعەکان لە
بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەهەموو شێوەیەک عەدنان زورفی ڕەت دەکەنەوە، شێوازی
کاندیکردنەکەی پێشێلکردنی دەستورە، چونکە دەبێت گەورەترین فراکسیۆن حکومەت پێكبهێنێت.
ئاماژەی بۆئەوەشکردووە، لە حاڵەتی بەردەوام بوونی زورفی بۆ
پێکهێنانی کابینەکەی، سەرجەم لایەنە شیعەکان ڕێگری دەکەن لە پەرلەمان دەنگی
پێبدرێت، دەشڵێت پێویستە زورفی داوای لێبوردن بکات و کاندیدێک ڕاسپێردرێت کە
ناکۆکی لەسەر نەبێت، بەهۆی ئەوەی ئێستا ولات لە قۆناغێکی هەستیار و قورسدایە.
کەعبی داوا لە لایەنە شیعەکان دەکات، کۆبونەوەیەکی
بەپەلە ئەنجامبدەن بۆ ڕێکەوتن لەسەر کاندیدێکی بەتوانا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی
وەزیران.
ڕۆژی 17 ئ ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، عەدنان
زورفی لە هاوپەیمانی نەسر، ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت.
677 جار خوێندراوەتەوە