تەندروستی هەولێر: ٢٥٠ پشكنین بۆ دانیشتوانی کۆمەڵگای سێبیران كراوه‌

KNN : Kurdish News Network
04:22 - 25/03/2020
کوردستان
+
-

دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی ھەولێر رایگەیاند، تا ئێستا ٢٥٠ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ دانیشتوانی سێبیران ئەنجامدراوە.

 
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاوەری شاندێکی تیمی تەندروستی سەردانی گوندی سێبیرانی کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی تەندروستیی تاوتوێی بابەتی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا.


دلۆڤان محەمەد لەمیانی سەردانی بۆ کۆمەڵگای سێبیران وتی، یەکەم نەخۆش کە لە دانیشتوانی سێبیران دەستنیشانکرا، لەبەر ئەوە جموجۆڵی زۆر ببوو لەناو خەڵک و ھاتوچۆی زۆر بووە، بۆیە بڕیارماندرا ئەم  ھەموو کەرەنتین بکرێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداربین.


بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی ھەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، 'ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵی تێکەڵبوون سامپڵیان وەرگیراوە و تا ئێستا ١٥ کەس لێرە تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، دوێنێ ژمارەیەک پشکنین ئەنجامدرا و خۆشبەختانە ئەنجامەکەی نەرێنی بوو''.


بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی ھەولێر لەبارەی کۆی پشکنینەکان لە سێبیران روونیکردەوە، تا ئێستا ١٥ کەس تووش بووە و پشکنینەکان بەردەوامن و ئەوانەیشی نیشانەکانیان لێ دیار دەکەوێت یان ھەست بە نیشانەکان دەکەن، پشکنینیان بۆ دەکرێت و بە گشتی تا ئێستا ٢٥٠ پشکنین ئەنجامدراوە.


رۆژی ٢٢ی ئادار، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆمەڵگای سێبیران سەربە قەزای خەبات راگەیاند و رۆژی دواتریش تەواوی کۆمەڵگاکە کە ژمارەیان زیاتر لە پێنج ھەزار کەس کەرەنتین کرا.

1453 جار خوێندراوەتەوە