سەرۆکی
پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کەرتی تەندروستی هەرێمی
کوردستان لە ئاستی خواست و ڕووبەڕوبوونەوەی تەحەدی گەورە و تاقەت پڕوکێندا نییە،
بەڵام لە گیانی لە خۆبردوویی و دڵسۆزیی و کارامەیی پزیشکان و کارمەندانی
تەندروستیی دڵنیاین و خاوەنی گەلێکی بە ئیرادەین و پێکەوە پابەندی ڕێنماییەکان
دەبین تا بە کەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.
ئاماژەی
بۆ ئەوەشکردووە، دەخوازین چاودێریی لەسەر خاڵە سنوورییەکان و ڕێکارەکانی هاتووچۆ
لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق توندتر بکرێن.
دەقی
پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:
کوردستانیانی
ئازیز و قەدر گران، ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان لە قۆناغێکی
چارەنوسساز و سەختدایە لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە،
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کۆڤید-١٩. لە ئێستادا زانایان و سەنتەرە گەورە پزیشکییەکان و
ئەزموونی وڵاتە تووشبووەکان پێمان دەڵێن کە جگە لە پابەندبوون بە ڕێنماییە
تەندروستییەکان، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە.
هەر بۆیە ڕوو دەکەمە ئێوەی
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و داواتان لێدەکەم پێکەوە ڕووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە
ببینەوە، داهاتووی هەموومان بەستراوەتەوە بە کاری پێکەوەییمان.
تکاکارم پابەند بن
بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە
هەر لە سەرەتاوە بە بەرنامەیەکی باشەوە ڕووبەڕووی ئەم پەتا جیهانییە بوونەتەوە.
لێرەوە
دەستخۆشیی بێ پایانم بۆ کارمەندانی تەندروستیی و پزیشکە ماندوونەناسەکان، هێزەکانی
ئاسایشی ناوخۆ، کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و خزمەتگوزاریە گشتیەکان،
ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی کە لە پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا
کوشندەیەن.
هەواڵی تراژیدیای وڵاتە پێشکەوتووەکان، هەرچەندە
سیستمێکی باشی تەندروستییان هەیە، هەموومان نیگەران دەکەن. گەورەترین وانە
لێیانەوە فێربین ئەوەیە کە دەبێت پابەندبین بە ڕێنماییەکان و وەک خۆیان جێبەجێیان
بکەین، چونکە پشتگوێ خستنی ڕێنماییەکان تووشی کارەساتی گەورەمان دەکەن.
کەرتی
تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ئاستی خواست و ڕووبەڕوبوونەوەی تەحەدی گەورە و تاقەت
پڕوکێندا نییە، بەڵام لە گیانی لە خۆبردوویی و دڵسۆزیی و کارامەیی پزیشکان و
کارمەندانی تەندروستیی دڵنیاین و خاوەنی گەلێکی بە ئیرادەین و پێکەوە پابەندی
ڕێنماییەکان دەبین تا بە کەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.
وێڕای
دەستخۆشی و پشتیوانیمان بۆ ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوایان لێدەکەین
کە میکانیزمێکی خێراتر بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەو وەزارەت
و دامەزراوانە بدۆزنەوە کە هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە بە شێوەیەک کار نەکاتە سەر
تەندروستی گشتیی، هەروەها دەخوازین چاودێریی لەسەر خاڵە سنوورییەکان و ڕێکارەکانی
هاتووچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق توندتر بکەن. سوپاس و پێزانینمان بۆ
هەوڵەکانی پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان کە بەبێ ماندووبون و لێبڕاوانە
سەرۆکایەتی تیمەکانیان دەکەن لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و مامەڵەکردن
لەگەڵ ئاکامەکانی.
لە پێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و
هەرێمەکەمان، ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەین، لە ماڵەوە دەمێنینەوە و ناهێڵین
داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە.
د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
4104 جار خوێندراوەتەوە