نەورۆز؛ جەژنێکى نەتەوەیى

KNN : Kurdish News Network
11:23 - 20/03/2020
کوردستان
+
-

نەورۆز یەكێكە لەو جەژنانەی مێژویەكی كۆنی هەیەو، نەتەوەی كورد و فارس و چەند نەتەوەیەكی دیكە یادی دەكەنەوە، بەوەش بۆتە یەكێك لەو جەژنانەی ملیۆنان كەس ئاهەنگی بۆ دەگێڕن.

گەلی كورد یەكێكە لەو نەتەوانەی مێژوویەكی درێژی هەیە و خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانێت، ساڵانە بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەكرێتەوە وەك بۆنەیەكی نەتەوەیی.

لەهەرێمی كوردستان بە گشتی و بە تایبەت دوای ڕاپەڕینەكەی بەهاری ساڵی 1991، نەورۆز گرنگییەكی زۆری پێدراوە، لە 20ی ئازار كە ڕۆژی كردنەوەی ئاگری نەورۆزە تەواوی كوردستانیان بە جلی كوردییەوە دەچنە سەر شەقامەكان و ئاگر دەكەنەوە و تا درەنگانێكی شەو ئاهەنگ دەگێڕن.

ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسییەكانی لەسەر تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان ئەو یادە ناكرێتەوە، بەهۆی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆشەوە تەنانەت هاوڵاتیان ناتوانن بچنەسەر شەقامەكان، ئەوەش خەڵكی نیگەران كردووە، بەتایبەت كە زۆرینەیان بەر لە چەند مانگێك ئامادەكارییان بۆ ئەو بۆنەیە كردووە و جلی كوردی نوێیان دووریوە، بەڵام لای هەمووان تەندروستی گشتیی گرنگترە و ئەو بۆنەیەیان كردۆتە قوربانی ژیانی گشتی بۆیە هەركەسە و لە ماڵی خۆیدا یادەكە دەكاتەوە.

هەرچەندە جەژنی نەورۆز دەبەسترێتەوە بە چیرۆكێكی ئەفسانەیی كە ئەویش چیرۆكی كاوە و زوحاكە، بەڵام زۆر كەس ئەوە بە هەڵە دادەنێن، هەندێك پێیان وایە نەورۆز لە ئەفسانەی زوحاك كۆنترە. شارەزایانی نەورۆز و بەشێكی شارەزایانی مێژوو بڕوایان وایە جەمشید كە یەكێك لە پادشاكانی پێشدادییەكان بووە، نەورۆزی داهێناوە‌، هەرچەندە چیرۆكی ئەم پاشایەش لە ئەفسانە بەدەر نییە‌و مێژوونووسان تەئكید لەوە دەكەنەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێكی كۆن و چاخە دێرینەكان.

زۆرینەی سەرچاوەكان نەورۆز دەبەستنەوە بە سەری ساڵی كوردییەوە كە  مێژوویەكی تایبەت بەخۆی هەیەو وەك ساڵنامەیەكی تایبەت بە كورد سەلمێنراوە، تاكە مێژوویەكیش بەو ساڵنامەیەوە بەسترابێتەوە (دامەزراندنی دەوڵەتی ماد)ە لە سەدەی هەشتەمی پێش زایینەوە، لەبەرئەوەش كورد جگە لەوەی كە وەك جەژنێكی نەتەوەیی سەیری نەورۆز دەكات هاوكات دامەزراندنی یەكەم دەوڵەتی كوردی و سەری ساڵی كوردی یاد دەكاتەوە.

هەندێك لەو لێكۆڵینەوانەش كە لەسەر ئەم جەژنە ئەنجامدراون و نەورۆز بە كۆنترین جەژنی مرۆڤ لە سەر زەوی دادەنێن و باس لەوە دەكەن مرۆڤ ئەو كاتەی كە لە ئەشكەوتەكاندا ژیاوە، رۆژی یەكەمی بەهاریان كردووە بە جەژن. 

سەرەڕای هەموو بۆچوونە جیاوازەكان لەبارەی نەورۆزەوە، ئەوەی لە هەموو شتێك بۆ كورد ڕوونترەو گرنگترە، ئەوەیە كە ڕۆژی نەورۆز كە دەكاتە 20ی مانگی ئازار لەلای خەڵكی ئێمە ڕۆژێكی خۆش‌و خۆشەویستە، ‌لەم ڕۆژەدا بەگشتیی دڵشادن‌و  بەهۆی هاتنەوەی بەهار و سەوزبوونی دەشت‌ودەرو نەمانی سەرما و سۆڵە و خۆشبونی كەش و هەوا، هاوكات لەم ڕۆژەدا چەندین ئاهەنگی جیاواز لە شارە كوردییەكان ساز دەكرێن و خەڵك بە جل و بەرگی كوردییەوە ئەو یادە دەكەنەوە.

ڕۆژی دواتریش كە یەكەم ڕۆژی مانگی نەورۆزە، هاوڵاتیان سەردانی سەیرانگاكان دەكەن و لە ناوچە گەشتیارییەكان دەمێننەوە.




2667 جار خوێندراوەتەوە