وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند حاڵەتێکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکراوە و گەیشتۆتە شەش حاڵەت.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە درێژەی ڕێکارەکانی پشکنین بۆ گومانلێکراوان، کەسێکی تر لە هەرێمی کوردستان لە پشکنین دەرچوو هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 یە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاندوە توشبووەکە کەسێکی بەساڵاچووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
هەروەها د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای KNN ی راگەیاند توشبووە پێش نوێژی یەکێک لە مزگەوتەکانە و تەمەنی ٧٠ ساڵە.
ئاماژەی بەوەشکردوە توشبووەکە، دانیشتووی شاری سلێمانی دوای نەخۆش کەوتنی و سەردانی پزیشک، گومانی لێکرا.
بەم پێەش ئێستا لە هەرێمی کوردستان شەش نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 هەیە و سەرجەمیان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
2076 جار خوێندراوەتەوە