بزوتنەوەى گۆڕان و ئەنجومەنى وەزیران سەرقاڵى
پێکهێنانى دەزگایەکى نوێن بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و رووبەروو بوونەوەى گەندەڵى لە
هەموو جومگەکانى حوکمڕانى لە بوارەکانى ( دارایى و ئابورى و بەهێزکردنى دەزگاکانى
چاودێرى، نەوت، تەندروستى، پەروەردە، وەبەرهێنان و پێشمەرگە).
کاردۆ محەمەد رێکخەرى ژوورى پەرلەمانى
بزوتنەوەى گۆڕان بە رۆژنامەى زەمەنى راگەیاندوە، دروستکردنى ئەو ئەنجومەنە لەسەر
بنەماى ریکەوتنى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستانە بۆ پێکهینانى
حکومەت لەسەر بنەماى ئەنجامدانى چاکسازى و دروستکردنى ئەنجومەنیک بۆ ئەو مەبەستە.
ئاماژەى بەوەشکردوە، لیژنەکەى بزوتنەوەى
گۆڕان پێکهاتوون لە جەلال جەوهەر ئەندامى خانەى راپەڕاندن و سەرۆکى لیژنە و ئەندامێتى
کاردۆ محەمەد و بەهار مەحمود، لیژنەکەى حکومەتیش لە لایەن د. ئومێد سەباح سەرۆکایەتى
دەکرێت و سکرتێرى ئەنجومەن و گروپێک لە راوێژکارانى پارتى و یەکێتى لە ئەنجومەنى
وەزیران ئەدامن.
سەبارەت بە بۆچوونى حکومەت لەسەر پێکهێنانى
ئەنجومەنەکە، کاردۆ محەمەد ئاماژەى بەوەکردوە، یەکێک لە سیما دیار و گرنگەکانى ئەم
کابینەیە داننانە بەوەى کە لە کوردستان قەیران و کێشەى گەورەى گەندەڵى هەیە و
پێویستمان بە چاکسازى بنەڕەتى هەیە.
بۆ ئەو مەبەستەش پارتى و یەکێتى رەزامەندن
لەسەر پێکهێهانى ئەنجومەنێک بۆ کاروبارى چاکسازى و داوایان لە بزوتنەوەى گۆڕان
کردوە کە پەلە لە ئامادەکردنى بکەن و دەزگایەکى رێکوپێک دروست بکەن.
بەپێى زانیارییەکان ماوەى دوو هەفتەیە لیژنەکەى
نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و ئەنجومەنى وەزیران دروستکراوە و تاکو ئێستا دوو کۆبوونەوەیان
لە ئەنجومەنى وەزیران کردوە. سەرەتاش یاسایەک بۆ ئەنجومەنەکە دروست دەکرێت و لە
پەرلەمان پەسەند دەکرێت، لە ناو یاسەکەدا هەیکەلى ئەنجومەنەکە و بنەما گشتییەکانى
چاکسازى و رووبەروو بوونەوەى گەندەڵى لە هەریم دادەڕێژرێت.
1238 جار خوێندراوەتەوە