سەرۆک هۆزێک و هاوسەرەکەی لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی رایگەیاند، سەرۆک هۆزێک و هاوسەرەکەی لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کوژران.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی زیقار رایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شێخ عەبد ساحب سەعدون سەرۆک هۆزی ئال حەمید لە قەزای قەلعە سوکەر باکووری پارێزگای زیقار.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، چەکدارەکان لە رێگەی ئامێرێکی تیژەوە کە پێدەچێت چەقۆ بێت، سەعدون و هاوسەرەکەیان سەربڕیووە.
سەرچاوەکە ئەوەیشی روونکردەوە کە دوای رووداوەکە چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و لێکۆڵینەوەش لەبارەی رووداوەکە دەستی پێکردووە.
لە لای خۆیەوە، حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندووە کە ئامانج لەو رووداوە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە لە پارێزگای زیقار.
حەسەن کەعبی لە راگەیەنراوێکدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە پەلە بکەن لە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە و ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی.
کەعبی رووداوەکەی بە مەترسیدار ناوبردووە و رایگەیاندووە کە نابێ ئەو رووداوە بەبێ سزادانی ئەنجامدەرانی تێپەڕێت.
1250 جار خوێندراوەتەوە