وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوەیەک لەبارەى
بڕیارى پشوو لەناوەندەکانى خوێندن بڵاودەکاتەوە.
دەقی روونكردنەوەكە:
دوابەدوای كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران،
ئەنجوومەن ژمارەیەك بڕیاری پەیوەست بەپشووی ناوەندەكانی خوێندن دەركرد، لەم بارەیەوە
بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە لەبارەی ئەم بابەتەوە بخەینەڕوو.
پشووەكان بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:
1. لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و باخچە و قوتابخانە و پەیمانگاکانی
سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی / ئەهلی) لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی
2020/2/26 تاوەکو ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی 2020/3/10 دەبێتە پشووی فەرمی، و (رۆژانی
11 - 2020/3/23 پشووی ساڵانەی خوێندنە لە بەهار)، و رۆژی سێشەممە 2020/3/24 خوێندن
لەو شوێنانە دەستپێدەکاتەوە.
2. لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و
توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە رۆژی شەممە ڕێکەوتی 2020/2/29 تاوەکورۆژی
سێشەممە رێکەوتـی 2020/3/31 دەبێتە پشـووی فەرمی (کە رۆژانی 11 - 2020/3/23 لەخۆ دەگرێت
وەک پشووی ساڵانەی خوێندن لە بەهار)، و رۆژی چوارشەممە 2020/4/1 خوێندن لەو شوێنانە
دەستپێدەکاتەوە.
3. بەڕێزان هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی
زانستی دەسەڵاتی قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕۆژانەیان هەیە کە بە پشوو ئەژمارکراون بۆ ساڵی
خوێندنی 2019 - 2020.
4. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی رێکخستنەوەی دەوامی
دایەنگە و خوێندنگە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتیان پێ دەدرێت بە رەچاوکردنی بڕگەکانی
ئەم بڕیارە و مەبەستەکانی دەرچوونی.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/2/26
3085 جار خوێندراوەتەوە