رێژەى باران بارین لە سلێمانى گەیشتە نیوەى ساڵى رابردوو

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 20/02/2020
کوردستان
+
-

رێژەى باران بارین لە سلێمانى گەیشتە نیوەى ساڵى رابردوو، زۆرترین رێژەى باران بارینى ئەمساڵیش لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لە ناحیەى بەرزنجە تۆمارکراوە. 

 

 

ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەرى گشتى کەشناسى سلێمانى بە دیحیتاڵ میدیاى KNN راگەیاند، تاکو کاتژمێر 9 سەرلەبەیانى ئەمڕۆ بڕى 382 ملیم باران لە سەنتەرى شارى سلێمانى باریوە، ئەوەش دەکاتە نیوەى ئەو بڕە بارانەى کە ساڵى رابردوو باریوە، چونکە ساڵى رابردوو تاکو ئەم کاتە بڕى 757 ملم باران باریبوو. 

 

 

سەبارەت بە بڕى باران بارین لە شار و شارۆچکەکانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى، بەڕێوەبەرى کەشناسى ئاشکرایکرد، تا ئێستا زۆرترین باران لە سنورى ناحیەى بەرزنجە لە خۆرهەڵاتى شارى سلێمانى باریوە کە بڕەکەى 732 ملم. دواى ئەویش یاخسەمەر و چوارتا و پێنجوێن دێن. 

 

سەبارەت بە بڕى باران بارین لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش وتى: تاکو پێش ئەم شەپۆلە زۆرترین باران لە دهۆک باریبوو، دواى ئەویش سلێمانى و پاشان هەڵەبجە، هەولێر و کەرکوکیش کەمترین بڕى بارانیان لێباریوە. 

 

 

ئاسۆ کەمال راشیگەیاند، بەپێى پێشبینییەکان کاریگەرى ئەو شەپۆلەى رووى لە هەرێم کردوە، تاکو سبەینێش لە سنورى پارێزگارى سلێمانى بەردەوام دەبێت، بەڵام لە رۆژانى هەفتەى داهاتووش پێشبینى هاتنى شەپۆلى دیکە و باران بارین دەکرێت. 

2762 جار خوێندراوەتەوە