كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، ئاماری كوژراو و بریندار و رفێنراوان و دەستگیرکراوانى لە خۆپیشاندانەكانی عێراقی لەسەرەتای دەستپێكردن تاكو ئێستا بڵاوكردەوە.
عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست KNN كەوتووە ئاشكرایكردوە، لە كۆی توندوتیژی و پێكدادانەكانی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا 545 كەس كوژراون، لەو ژمارەیەش 17 كەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بوون.
بەیاتی ئاشكراشیكردوە، ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەكانیش 24 هەزار كەسی تێپەڕاندوە.
ئەو ئەندامەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندوە، لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان تاكو ئێستا 79 كەس رۆفێنراون كە چواریان كچ بوون، لەو ژمارەش 22 كەس ئازادكراون و تەنها یەك كچیش لە ناو ئازادكراوەكاندایە.
بەیاتی ئاشكراشیكردوە، ژمارەی ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكاندا دەستگیركراون، 2 هەزار و 800 كەسی تێپەڕاندوە، بەڵام سەرجەمیان ئازاد كراون تەنها 38 كەس نەبێت كە تاكو ئێستا لە زیندانن.
لەلایەكی ترەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دەیڤد شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی بەغدادی كردوە و لەگەڵ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەتەوە، لە كۆبوونەوەكاندا ئیدانەی بەردەوامی هێرشەكانی بۆسەر خۆپیشاندەران كردوە و داوای كردوە بەغداد سنورێك بۆ هێرش و دەستدرێژییەكان بۆسەر خۆپیشاندەران دابنێت.
618 جار خوێندراوەتەوە