دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرە دۆزراوەتەوە کە دەتوانێت خانەکانی بەرهەمێنانی ئەنسۆلین زیاد بکات.
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم بڵاویکردەوە، لە توێژینەوەیەکی نوێدا، بە بەکارهێنانی دوو دەرمانی لێکدراو (GLP-1 agonist–DYRK1A inhibitor) لەسەر پەنکریاسی لاشەی مردووی مرۆڤ، ژمارەی خانەکانی بێتا بە رێژەی ٥ - ۲۰ ٪ زیادیکرد.
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر لە توێژنەوەیەکی دیکەدا لە ساڵی ۲۰۱٥ بەکارهێنانی (DYRK1A inhibitor) بەتەنها بەرێژەی نزیکەی ۲ ٪ ژمارەی بێتا خانەکانی پەنکریاسی زیادکردبوو.
یەکگرتنی دوو دەرمان و پێکەوەبەکارهێنانیان لە تاقیگەدا لەسەر پەنکریاسی لاشەی مرۆڤی تازە مردوو، ژمارەی خانەکانی بێتای پەنکریاسی زیادکرد، ئەم دۆزینەوە نوێیە، هیوایەکی گەورەی بە مرۆڤایەتی داوە کە بۆ داهاتوو دەرمانەکان بخرێنە خزمەتەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە جۆریی یەکەم و دووەم.
پێشتر چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، بە زیادکردنی ژمارەی بێتا خانەکان مەحاڵبوو و بیریشی لێنەدەکرایەوە، رێگای دیکە کە چاندنی خانەکانی بێتا و پەنکریاس بوو دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەم رێکارە زۆر پەسەندکراو و سەرکەتوو نییە، لەکاتێکدا نەخۆش دەبێت تا کۆتایی تەمەنی دەرمانی کپکەری بەرگریی لەش وەربگرێت.
لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، رێگای جیاوازی دیکە دەگیرێتەبەر وەک؛ بەکارهێنانی دەرمان، لێدانی ئەنسۆلین، وەرزش و رێکخستنی خۆراکی، هەموو ئەمانە به رێژەیەک و بەشێوەیەک سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
پەنکریاس ئەندامێکی هەناوە، دەکەوێتە دواوەی گەدە، سەرەکەی لەناو دوازدەگرێیە، شێوەیەکی درێژی لاکێشەیی هەیە، درێژییەکەی (١٥.٢٤ سم)ە، بە چەند ئەندامێکی دیکەی هەناو دەورەدراوە وەک جگەر، سپڵ و ریخۆڵەکان.
خانەکانی بێتا لە پەنکریاس بەرپرسن لە دەردانی "ئەنسۆلین"، هۆڕمۆنی "ئەنسۆلین" دەورێکی گرنگ دەگێڕێت لە رێکخستنی رێژەی شەکری خوێن و زیندەکرداری لەش، تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە جۆری یەکەم بە نزیکەی ۹۰ ٪ و تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە جۆری دووەم بە نزیکەی ٥۰ ٪ خانەکانی "بێتا"یان کەمدەبێتەوه، ئەمەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی دەردانی ئەنسۆلین و بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری خوێن.
19684 جار خوێندراوەتەوە