سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە تۆپبارانی ناوچە كوردییەكانی حەڵەب دەكەن. لە كاتێكدا پێشڕەوی سوپای سوریا لە حەڵەب و ئیدلب بەردەوامە.
مەرسەدی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئێوارەی رۆژی دوو شەممە، سوپای سوریا تۆپبارانی گوندەكانی تەل مەزیق و تەل جیجان و چەند گوندێكی دیكەی كوردی لە باكوری پارێزگای حەڵەب كردوە كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە كوردییەكاندان، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك سەبارەت بە زیانەكانی تۆپبارانەكە هەبێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت كە رۆژی یەك شەممەش، سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە، گوندەكانی سنوری ناحیەی شەرا و ناوچەكانی شەهبا و تەل رەفعەت و شێخ هیلال و شێخ عیسا و مەرعەناز و چەند ناوچە و گوندێكی دیكەیان لە ریفی باكوری حەڵەب بۆردومان كرد.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری مەرسەدی سوری رایگەیاندوە، توركیا بەو تۆپبارانە كوردەكان توڕە دەكات، بەڵام ئامانجی پشت بە تۆپبارانەكان روون نین و هێرشەكانیش هەڕەمەكین، زۆرتر ئەو گوند و ناوچانەشی گرتووەتەوە، كە ئاوارەكانی عەفرینی لێنیشتەجێن.
تۆپبارانى سوپاى تورکیا بۆسەر ناوچە کوردییەکانى حەڵەب لە کاتێکدایە کە سوپاى سوریا بە پشتیوانى روسیا لە ماوەى رابردوودا بەردەوام پێشڕەوى لە ناوچەکانى باکور و باکورى خۆرئاواى حەڵەب کردوە و چەندین گوند و ناوچەى لەژێر دەستى چەکدارانى ئۆپۆزسیۆنى سەر بە تورکیا دەرهێناوەتەوە، ئەوە جگە لەوەى کە پێشڕەوى سوپاى سوریا لە پارێزگاى ئیدلب وەکو دوایین پێگەى چەکدارانى ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە و لە ئێستاشدا تورکیا هەرچەندە سەرباز و کەرەستەى سەربازى زۆرى لە ئیدلب بۆ پشتیوانى لە گروپە چەکدارە کانى کۆکردوەتەوە، بەڵام نەیتوانیوە پێش بە پێشڕەوى سوپاى سوریا بگرێت و چاودێرانیش پێشبینى بارودۆخێکى باش بۆ سوپاى تورکیا لە ئیدلب ناکەن.
1038 جار خوێندراوەتەوە