سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایدەكات، محەمەد عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، پێكهاتەی كابینەكەی تەواو كردوە و رۆژی یەك شەممەی داهاتوو رایدەگەیەنێت.
محەمەد خالدی سەرۆكی كوتلەی بەیارق خەیر لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، محەمەد عەلاوی پێكهاتەی كابینەی وزارییەكەی تەواو كردوە و ئەگەری زۆرە رۆژی یەك شەممەی داهاتوو رایبگەیەنێت.
خالدی ئاماژەی بەوەشكردوە، عەلاوی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی لە دوایین هەنگاوەكانی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت ئاگادار دەكاتەوە و دواتر داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات دانیشتنێكی نا ئاسایی بكات بۆ دەنگدان لەسەر پێكهاتە وزارییەكەی عەلاوی.
خالدی ئاشكراشیكردوە، لەلایەن چەند كوتلە و لایەنێكەوە فشار لە عەلاوی كراوە بۆ دانانی وەزیرەكان، یان دانانەوەی ژمارەیەك لە وەزیرەكانی كابینەی ئێستای حكومەت، بەڵام ئەوە هیچ كاریگەرییەك دروست ناكات و پەرلەمان متمانە بە پێكهاتەی نوێی حكومەت دەدات.
732 جار خوێندراوەتەوە