پۆلیسی گەرمیان دەستگیركردنی 15 كەس لەسەر دزینی كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار رادەگەیەنێت، ئەوەش لە دوای ئەوەی كە كارگوزارێك دانی بە ناوی 15 تۆمەتباری دیكەدا ناوە كە پزیشك و كارمەندی تەندروستیشیان لە ناودایە.
عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە KNN راگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس كارگوزارێكیان دەستگیركردوە بە تۆمەتی دزینی كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار، دوای لێكۆڵینەوە كارگوزارەكە دانی بەوەدا ناوە كە چەند كەسێكی دیكەش لە پشت دزینی كەلوپەل و پێداویستییەكانەوەن.
قەدوری ئاماژەی بەوەشكرد، دانپێدانانی كارگوزارەكە گرنگ بووە و هاوكاری باشی كردون لە دەستکەوتنى سەرەداو بۆ دەستگیركردنی 15 كەسی دیكە لە پزیشک و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەكە.
دەستگیركردنی ئەو باندە لە ناو نەخۆشخانەی گشتی كەلار لە دوای ئەوە هاتووە كە پێشتر چەند جارێك حاڵەتی دزینی كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی تۆماركراوە، دوای دەستگیركردنی ئەو 15 كەسەش، دەركەوتووە ئەو كەسانەی پێداویستییەكانیان دزیوە بە نرخێكی هەرزان بە نەخۆشخانە و نۆڕینگە پزیشكییەكانیان فرۆشتووەتەوە.
3358 جار خوێندراوەتەوە