كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2019 دا 157 ملیۆن دۆلار قازانجی كردوە، لەو بڕەش 40 ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی كوردستان دەستكەوتووە.
كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی راپۆرتی دارایی ساڵی 2019 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ئەو ساڵەدا تێكڕای قازانجی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە 157 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی قازانجی ساڵانەیە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا.
دانە غاز ئاشكراشیكردوە، ئاستی بەرهەمهێنانیان لە هەرێمی كوردستان بەرێژەی 18 % زیادیكردوە، بەوەش تێكڕای قازانجیان لە هەرێم گەیشتووەتە 40 ملیۆن دۆلار لە دوای تەواوكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەی پەرەپێدان و بەفراوانكردن.
كۆمپانیای دانە غاز كە بە گەورەترین كۆمپانیای بواری غازی سروشتی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست دادەنرێت ئاماژەی بەوەشكردوە، ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە بە رێژەی 5% زیادیكردوە و گەیشتووتە 66 هەزار و 200 بەرمیلی رۆژانە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2018 بڕەكە 63 هەزار و 50 بەرمیلی رۆژانە بووە.
دانە غاز لە كۆتاییدا ئاشكرایكردوە، بڕی سیولەی نەقدی كۆمپانیاكە لە كۆتایی ساڵی 2019 دا گەیشتووەتە زیاتر لە 425 ملیۆن دۆلار.
549 جار خوێندراوەتەوە