پێنتاگۆن داوای 47 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دەكات

KNN : Kurdish News Network
12:01 - 11/02/2020
کوردستان
+
-

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بودجەی ساڵی 2021 رەوانەی كۆنگرێس كرد كە بڕەكەی 740 ملیار دۆلارە، لەو بڕەش 47 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و بڕی 200 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دیاریكراوە. 

 

 دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی تایبەت بە وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی كرد و رەوانەی كۆنگرێسی كرد بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، پێنتاگۆن وردەكاری بودجە و تەرخانكردنی بڕی پارەی بۆ پێداویستی و هاوكارییە سەربازییەكانی بڵاوكردەوە. 

 

وەك ئەوەی كە لە رەشنوسی بودجەكەدا هاتووە، پێنتاگۆن بڕی 47 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە تەرخانكردوە كە تایبەتە بە هاوكاریكردن و مەشقپێكردنی 12 لیوای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. 

 

هەر لە چوارچێوەی بەرنامەكانیدا بۆ ساڵی داهاتوو، پێنتاگۆن بڕی 200 ملیۆن دۆلاریشی وەكو بودجەی ساڵانە بۆ هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە " تەرخانكردووە. 

1136 جار خوێندراوەتەوە