سەرۆكایەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەت كۆدەبنەوە

KNN : Kurdish News Network
10:05 - 11/02/2020
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و چۆنێتی رێكەوتن لەگەڵ محەمەد عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت.

 

 د. بەهار مەحمود نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كۆبوونەوەكە بە دیجیتاڵ میدیای KNN راگەیاند، كۆبوونەوەكە كاتژمێر 11 لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت و تیایدا گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان كە بەهۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق روو دەدات. 

وتیشی، ئامانجێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بەكخستنی راو بۆچوونی كوردە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ محەمەد عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت، سەبارەت بە چۆنێتی بەشداری كورد لە كابینەكە و هەڵوێستی عەلاوی لەبارەی ئەو رێكەوتننانەی كە پێشتر لە نێوان هەولێر و حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل هەبدولمەهدی ئیمزا كراوە كە دیارترینیان تایبەتە بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

پێشتریش نوێنەری فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەمەد عەلاوی لە بەغداد كۆبوونەوە. د. یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند، وەكو بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لە پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات دەكەن بۆ ئەوەی عێراق لەو بارودۆخەی ئێستا رزگار بكات كە تێی كەوتووە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە بە راوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردییەكان هەڵوێستێكی یەكگرتوو ئامادە بكرێت سەبارەت بە پشتیوانیكردن لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەبەرامبەر مافەكانی هەرێمی كوردستان. وەكو پرسی بودجە و مووچە، كە نابێت تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان بكرێت، لەگەڵ پرسی ناوچە كوردستانیە جێناكۆكەكان و شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان. 

ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە محەمەد عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی هەولێر بكات بۆ گفتوگۆ كردن سەبارەت بە بەشداری كورد لە كابینەكەی. بەپێی زانیارییەكانیش بەهۆی سەردانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بۆ ئەڵمانیا بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن، سەردانی عەلاوی بۆ هەرێم دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو. 

بەپێی زانیارییەكان یەكێك لەو بابەتانەی كە عەلاوی دەیەوێت گفتوگۆی لەسەر بكات، لابردنی سەرجەم وەزیرەكانی ئێستای حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدییە كە سیانیان كوردن، گۆڕینیان بە كەسانی نا حزبی و شارەزا و تەكنۆكرات.

650 جار خوێندراوەتەوە