بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئازاردانی خەڵک و
دروستکردنی قەیران بەشێکە لەو فشارە ناتەندروستانەی ساڵانێکە بەسەر هاوڵاتیانی
کوردستانەوە سەپێنراوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، سامانە سروشتیەکان موڵکی میلەتن و پێویستە
حکومەت بەو شێوەیەی کە گونجاوە، بیخاتە خزمەتی هاوڵاتیانەوەو لەهەمان کاتیشدا کار
لەسەر کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات بۆ ئەو سندوقەی ساڵانێکە بڕیاری لەسەر دراوەو هێشتا
دروست نەکراوە.
بزوتنەوەی گۆڕان هەفتانە وتارێک لەسەر بابەتە گەرمەکانی
رۆژ و پەیوەست بە ژیان و چاکەی گشتی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا
وتاری ئەم هەفتەیە تایبەت کراوە بە قسەکردن لەسەر حکومەت و سامانە سروشتیەکان.
لە گوتارەکەدا بزوتنەوەى گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کارێکی
زۆر نەنگی و سلبیە هاوڵاتیان بکرێنە قوربانی کێبڕکێی کۆمپانیاکان و کۆمپانیا حزبیەکان
یاخود کەسە دەستڕۆیشتوەکان و ململانێی حزبی و ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دابەش
کردنی قوتی هاوڵاتیانی هەرێم و بەهەدەر بردنی پارەو موڵکی گشتی.
گوتاری هەفتانە
حکومەت و سامانە سروشتیەکان
سامانە سروشتیەکان موڵکی میلەتن و پێویستە حکومەت بەو شێوەیەی
کە گونجاوە، بیخاتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە. لەو داهاتە دەبێ کاری خزمەتگوزاری و بنیاتنان
بکرێت، موچەو مافی فەرمانبەر و موچەخۆران و هاوڵاتیانی تری لێ بدرێت. ئەرکی حکومەتە
کە سەرپەرشتی تەواوی کێڵگەی نەوت و غاز بکات و لەهەمان کاتیشدا کار لەسەر کۆکردنەوەی
داهاتەکانی بکات بۆ ئەو سندوقەی ساڵانێکە بڕیاری لەسەر دراوەو هێشتا دروست نەکراوە.
هەرێمی کوردستان لە روی سامانی سروشتیەوە بە بەراورد بە
ژمارەی دانیشتوانیەوە، یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەڵام لە بەرامبەردا
هاونیشتمانیان لە روی خزمەتگوزاریە سەرەتایی و ئاساییەکانی وەک غاز و کارەباو نەوتەوە
کەمترین سودمەند بون لەو سامانە گەورەیە.
دەشێ هەمو حکومەتێک ناوبەناو توشی قەیرانێکی دیاریکراو بێت
کە بڕی خستنە بازار لەئاست داواکاریەکان نەبێت، بەڵام کارێکی زۆر نەنگی و سلبیە
هاوڵاتیان بکرێنە قوربانی کێبڕکێی کۆمپانیاکان و کۆمپانیا حزبیەکان یاخود کەسە دەستڕۆیشتوەکان
و ململانێی حزبی. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دابەش کردنی قوتی هاوڵاتیانی هەرێم و
بەهەدەر بردنی پارەو موڵکی گشتی کە خاوەنی راستەقینەی سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگایە،
نەک حزب و لایەن و کۆمپانیا و تاقمێک.
ئازاردانی خەڵک و دروستکردنی قەیران و تێکدانی کەش و هەوای
گشتی و بەلارێدابردنی بابەتەکان، ئەمانە هیچیان ناچنە خانەی بەرپرسیارێتی بەرێوەبردنی
کۆمەڵگاوە، بەڵکو بەشێکی ترە لەو فشارە ناتەندروستانەی ساڵانێکە بەسەر هاوڵاتیانی
کوردستانەوە سەپێنراوە.
لە ئێستادا، ئەرکی سەرەکی هەر سێ لایەنی بەشدار بوە لە
کابینە نۆ، کە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەو چەندین پرسی تری مەترسیداری
ئاوا بکەن و بەخێرایی کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدەن و لیژنەی هاوبەش پێک بێنن بۆ
بەهێز کردنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر سەرجەم جومگەکانی هەرێمدا، هەر لەوێشەوە
کارکردن بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایانەی پێویستن بۆ کۆکردنەوەو قەتیس کردنی سەرجەم
داهاتەکان تیایدا.
ئەرکی سەرەکی حکومەتە پێش هەمو لایەنێکی تر، خەمی ژیان و
بژێوی هاوڵاتیان بخوات و رێگە بگرێت لەو دڵەراوکێ و بەهەدەردانەی کە هەیەو قسەی لەسەر
ئەکرێت. هەروەک ئەرکی حکومەتیشە خزمەتگوزاریە گشتیەکان بە دور بگرێت لە ململانێی کەس
و گروپی بەرژەوەندی و ناکۆکی حزبی.
حکومەت و سەرجەم دەزگاکانی و هەمو ئەو حزبانەی کە پشتگیری
ئەکەن، پێویستە زۆر خێراو بەپەلە هەنگاوی کرداری بنێن بۆ کۆتایی هێنان بە مەترسیەکانی
هەژمونی کەس و لایەن و کۆمپانیا حزبیەکان بۆسەر قوت و ژیانی هاوڵاتیان.
بزوتنەوەی گۆڕان
٦ی ٢ی ٢٠٢٠
803 جار خوێندراوەتەوە