دلاوەر عەلائەدین: ڤایرۆسى كۆرۆنا بەو ئاستە كوشندە نیە كە خەڵك لێی دەترسێ

10:06 - 31/01/2020
تەندروستی

پڕۆفیسۆر دلاوەر عەلائەدین، ئاماژە بە مەترسى و چارەسەر و هۆکارەکانى بڵاوبونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکات و رایدەگەیەنێت، كۆرۆنا ڤایرۆس بەو ئاستە كوشندە نیە كە خەڵك لێی دەترسێ، دەشڵێت:  "ڤایرۆسەكە زۆر بڕ ناكات و لە كۆتاییدا بە رێگەی جیاوازەوە رێگەی لێ دەگیردرێت".

لە نوسینێکدا بەناونیشانى (ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپاراستن)، د. دلاوەر عەلائەدین پرۆفیسۆر لە بواری پزیشکی و تایبەتمەندێتی لە بواری نەخۆشیە بڵاوەکان (مایکرۆبایۆلۆجی)، ئەوە دەخاتەڕو، کە كۆرۆنا یەكێكە لە دەیان جۆرە ڤایرۆس، لە بەكتریا زۆر جیاوازە بۆیە بە ئەنتی بایۆتیك ناكوژرێ.

ئاماژە بەوەش دەکات، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵك (بەتایبەتی لاوان و ئەوانەی لەش ساغن) كە توش دەبن رەنگە هەستی پێ نەكەن، وەیان نەخۆشیەكی سووك دەیانگرێ و چاك دەبنەوە بەبێ ئەوەی بزانن كۆرۆنا بووە.

ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپاراستن

كۆرۆنا ڤایرۆس چیە؟

كۆرۆنا یەكێكە لە دەیان جۆرە ڤایرۆس، لە بەكتریا زۆر جیاوازن بۆیەش بە ئەنتی بایۆتیك ناكوژرێن. پێی دەگوترێت كۆرۆنا، چونكە لە ژێر میكرۆسكۆپی ئەلیکترۆنیدا شێوەكەی لە تاج دەچێ.

كۆرۆنا چەند جۆرێكی هەیە و نەخۆشی جۆراوجۆر لە مرۆڤ و گیانەوەرانی دیكە پەیدا دەكەن، بەڵام ئەوی ئێستا كە رەنگە لە گیانلەبەرانی دیكە بەربڵاو بووبێ، بەڵام بازی داوەتە نێو مرۆڤ. واتە مرۆڤ یەكەمجارە تووشی دەبێ و هێشتا بەرهەڵستی سروشتی لەنێو كۆمەڵگادا پەیدا نەبووە.

تا چەند كوشندەیە؟
كۆرۆنا ڤایرۆس بەو ئاستە كوشندە نیە كە خەڵك لێی دەترسێ.
• زۆرینەی هەرە زۆری خەڵك (بەتایبەتی لاوان و ئەوانەی لەش ساغن) كە توش دەبن رەنگە هەستی پێ نەكەن، وەیان نەخۆشیەكی سووك دەیانگرێ و چاك دەبنەوە بەبێ ئەوەی بزانن كۆرۆنا بووە.
• كەمینەیەكی بچووك بە هۆكاری جیاواز نەخۆشیەكە بە قورسی دەگرن و لە نێو ئەوانیشدا كەمینەیەكی زۆر بچووكتر دەمرن، لە نێو ئەوانەشدا خەڵكی پیر و ئەوانەی كۆئەندامە هەناویەكانی لەشیان باش كارناكات چانسی چاكبوونەوەیان كەمترە.  نیوە زیاتری نەخۆشەكانی بە قورسی گرتوویانە تەمەنیان لە سەرووی شەست ساڵیەوە بووە.
• چارەسەری كاریگەر لە ئارادا نیە، بەڵام جیاكردنەوەی نەخۆش و ئۆكسجین و چارەسەری دەرهاویشتیەكانی لە كەشی ناو نەخۆشخانەیەكی مۆدێرندا پێویستن.

چۆن بڵاو دەبێتەوە؟
ڤایرۆسەكە لە سیپەلاك و بۆڕیەكانی هەناسەدایە، لەگەڵ هەناسەدان، قسەكردن، كۆکە، پژمین دەپڕژێتە دەوروبەر. ماوەی چەند رۆژێك هەتا دوو هەفتەی پێ دەچێ هەتا نیشانەی نەخۆشی لە نەخۆشێكی نوێدا بەدەر دەكەوێ. كێشە ئەوەیە كە زۆربەی هەڵگرانی ڤایرۆس ئاگایان لێ نیە كە دەیگرن و پێش ئەوەی نیشانەكانی نەخۆشیەكەیان لێ هەڵبدات بڵاوی دەكەنەوە.

بۆچی لە چین سەری هەڵداوە؟
چونكە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە و خەڵك و باڵندە و ئاژەڵ و گیانەوەری دیكە زۆر لەیەكەوە نزیكن، جا لەرێگەی بەخێوكردنەوە بێ وەیان خواردنی ئەو جۆرە گیانەوەرانە. زۆر لە ڤایرۆسە كوشندە و درمەكانی پێشووش هەر لەوێ سەریان هەڵداوە. ئەوجارەشیان، نیوەی نەخۆشەكانی مانگی دیسەمبەر پەیوەندیەكیان بە ماركێتی گیانەوەران وەیان خواردنی گیانەوەری ئاوی هەبووە.

ڤایرۆسەكە تا چەند بڕ دەكات و مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە؟
ڤایرۆسەكە زۆر بڕ ناكات و لە كۆتاییدا بە رێگەی جیاوازەوە رێگەی لێ دەگیردرێت. بۆیە مرۆڤایەتی لە مەترسیدا نیە. لە ئێستادا هەتا دۆزینەوەی ڤاكسین وەیان چارەسەر، باشترە خۆت بپارێزی.
• دووركەوە لەوانەی نەخۆشن، پاكوخاوێنی و دەستشووشتن گرنگن. كە تێكەڵاوی خەڵكت كرد، هەوڵدە دەست لە دەم و لوت و چاوت مەدە. لە جیاتیان كلینیكس بۆ ئەو مەبەستان بەكار بهێنە هەتا ئەو كاتەی دەست دەشۆیت وەیان تەعقیمی دەكەیت.
• خەڵك ماچكردن، تۆقەكردن باش نین. تێكەڵاوی خەڵكی زۆر لە ژووری داخراوی بچووكدا باش نیە.
• لەكاتی تێكەڵبوون، هەناسەی بەرامبەر هەڵمەمژە، تۆزێك دوورەپەرێز بە، بەتایبەتی خۆت لەوانە بپارێزە كە دەكۆخن و دەپژمن.
• لەش ساغی، ئاو خواردنەوە، خواردنی باش، وەرزش، چوونە بەر هەوای فرێش، هەموویان هاوكاریت دەكەن.

6990 جار خوێندراوەتەوە