وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
03:24 - 24/01/2020
تەندروستی
+
-

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەریم رایگەیاند، لەنزیکەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، چاودێری بارودۆخی پەتاکە دەکەین و ڕێکاری پێویست دەگرینە بەر.

لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا ئەو زانیاری و ڕاسپاردانەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە پێویست ناکات پشکنین و جاودێری لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوریەکان و شوێنە گشتیەکان بگیرێتەبەر.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕێکارەکان هەمان ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵ و خۆپارێزیە لە پەتای ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا وەک پەتاگەری، زوو دۆزینەوە، جیاکردنەوە، چارەسەرکردن و هۆشیاری تەندروستی لە خۆپارێزی کەسی، وەک زوو زوو دەست شووشتن، خۆ بەدوورگرتن لەشوێنی قەڵەباڵغ و داخراو لەگەڵ پاپەندبوون بە ئەتەکێتی کۆکین و پژمین وەک داپۆشینی دەم و لووت.

دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە شاری ووهان لە وڵاتی چین، کە بەگوێرەی دوا ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی جیهانی WHO تاوەکو ئێستا ٥٥۷ کەس توشبوون و ۱۷ کەس مروون و ڕێژەی کوشندەیی تا ئێستا ٤٪ ، جگە لە ووڵاتی چین، لە چەند وڵاتێکی تری ئاسیا وەک یابان، کۆریا، تایلەند و سەنغافورا تۆمارکراوە.

1863 جار خوێندراوەتەوە