ناسا: دوکەڵی ئاگرەکەی ئوسترالیا هەموو جیهان دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
04:46 - 14/01/2020
جیهان
+
-

ئاژانسی ناسا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوکەڵی ئاگرەکەی ئوستارلیا، بەرەو وڵاتانی دیکە دەڕوات و ئەگەر زۆرە سەرجەم جیهان بگرێتەوە.

ئاژانسی ناسا لەبارەی کاریگەری ئاگرەکەی ئوسترالیاوە ئاماژەی بەوە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت دوکەڵی ئاگری دارستانەکان، سەرجەم جیهان بگرێتەوە, کە ئێستا بە ئاستێکی زۆر بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای زەوی.

ئاگری دارستانەکانی باشوری ئوسترالیا لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە بەردەوامە، لە کۆتایی ساڵیشدا دوکەڵی ئاگرەکە گەیشتە ئەمریکای باشور.

لە هەشتی ئەم مانگەشدا دوکەڵەکە، نیوەی ئەو خولەی تەواو کرد کە بە دەوری جیهاندایە.

پسپۆرانی ئاژانسی ناسا باس لەوە دەکەن، دوکەڵەکە لانی کەم یەک جار بە دەوری جیهاندا دەسوڕێتەوە.

روونیشیان کردووەتەوە، ئاگر و دوکەڵەکەی دارستانەکانی ئوسترالیا، کاریگەری لەسەر ژینگە و کەش و هەوای جیهان دەبێت.

بەهۆی ئاگری دارستانەکانی ئوسترالیاوە، ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، سەدان ملیۆن ئاژەڵ مردوون و ملیۆنان هێکتار زەوی و دارستانیش سوتاون.

2233 جار خوێندراوەتەوە