ڤیدیۆیەکی نوێی سێوان قادر ئاشکراکرا

05:45 - 10/12/2019
کوردستان

ئەمڕۆ لەدادگای سلێمانی چوارەم دانیشتنی دادگای کەیسەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی بەڕێوەچوو و دادگاش بڕیارێکی نوێێ دەرکرد.

بەپێی زانیاریەکان لە دانیشتنەکەدا، کەسوکاری سێوان قادر داوایان لە داداگا کردوە، تۆمەتباری دووەم کە لەماوەی رابردوودا ئازادکرابوو، بانگێشتی داداگا بکرێتەوە دادوەریش داوەکەی پەسەندکردوە.

 

ئەو تۆمەتبارەی کەسوکاری سێوان داوا دەکەن وتەی لێ وەربگیرێتەوە، ژنێکی دراوسێی ماڵی سێوانە، لەسەر سکاڵای کەسوکاری سێوان دەستگیرکرابوو،بەڵام بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە لەسەری، دادگا ئازادیکردبوو.

هاوکات لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، وتە لە چوار شایتەحاڵی کەسوکاری سێوان قادر وەرگیرا، یەکێک لە شایتحاڵەکان کە  پورزایەکی سێوانە، لەکاتی شایەتیدان لەبەردەم دادوەر ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو گرتەیەکەی ڤیدیۆی نوێی سێوان قادری لایە و دوایی روداوەکە خۆی تۆماری کردوە، تێدا سێوان قادر دەڵێت" مێردەکەی ئەو کارەی بەرامبەریان کردوە و دەرگای لێ داخستون، خۆی هیچ دەستی لە روداوەکەدا نیە".

لەدوای وتەی ئەو شایتحاڵە دادوەر بڕیاریدا، لە دانیشتنی داهاتوودا ئەو گرتە ڤیدیۆیە پێشکەشی دادگا بکرێت و وەک بەڵگەیەک بەکاربهێنرێت.

 

هەروەها دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی داهاتوو لە رۆژی ١٩ مانگ بەڕێوەبچێت.

سێوان قادر و منداڵەکانی ساڵی رابردوو، لە گەڕەکی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ، لە روداوێکدا سوتان و، روداوەکەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

لەسەر روداوەکە مێردەکەی سێوان دەستگیرکراوە، بەڵام ئەو نکۆڵی دەکات لەوەی کە ئەو ئەو کارەی کردبێت.

20492 جار خوێندراوەتەوە