یادی ٢٣٥ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی دەکرێتەوە

11:46 - 14/11/2019
کوردستان

بەبۆنەی یادی ٢٣٥ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی و دیاریکردنی وەک شاری داهێنانی ئەدەبی  لەلایەن یونسکۆوە، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان/سەنتەری رۆشنبیری سەرا بەهاوبەشی لەگەڵ ماڵی کلتور و کەلەپوری سۆفی کەریم و کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان و زانکۆی پۆڵەتەکنیکی سلێمانی، پێشانگایەکیان رێکخست.

پێشانگاکە سەعات ٩:٠٠ لەماڵی کەلەپوری سۆفی کەریم کەیەکێکە لە کۆنترین ماڵەکانی شاری سلێمانی و ئێستا بە دیزاینە کۆنەکەی نۆژەن کراوەتەوە، دەستیپێکرد.

لەپێشانگاکەدا چەندین وێنەی کۆنی سلێمانی و جلوبەرگ، کەلوپەل، بابەتی رازاندنەوەی خانمان، پیاوان تایبەت بە سەردەمەکانی پێشووی سلێمانی نمایشکران.

 چەندین چالاکی هونەریی لەلایەن هونەرمەندانی خۆبەخشی سلێمانی و کەسایەتیيە دیارەکانی سلێمانی ئەنجامدرا، هاوکات چەندین خۆبەخش بە جلوبەرگی ئاڵاو واڵای کوردی تایبەت بە مێژوویی سلێمانیەوە ئامادەبوون لە پێشانگاکەدا وەک زیندووکردنەوەی یادی جارانی سلێمانی.

پرۆژەیەکی گەنجان کە کاری دەستیی خۆیان نیشاندا و دواتر چەندین گۆرانی تایبەتی کۆنی شاری سلێمانی بەدەنگی چەند گەنجێک گووترانەوە.

لەپێشانگاکەدا دوانزە دەستە جلی کوردی لەلایەن گەنجێکەوە دروست کرابوو، درایە ١٢ شاعیری شاری سلێمانی.

302 جار خوێندراوەتەوە