میدیاکانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی
بێ فڕۆکەوانی بیانیان لە ئاسمانی پارێزگای خوزستان لە بەندەر ماهشەر خستوەتەخوارەوە.
غوڵامڕەزا شەریعەتی، سەرۆکی شورای ئەمنی پارێزگای خوزستان بە ئاژانسی
هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاندووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوان هاتووەتە
سنووری پارێزگای خوزستان و لەلایەن سیستمی بەرگری وڵاتەوە خراوەتە خوارەوە".
وتیشی "لەدوای کردنە ئامانجی فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکە پاشماوەکەی
کەوتووەتە دەست هێزەکانی پاسەوانی سنور و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە کە بزاندرێت
درووستکراوی کوێیە و بە چ ئامانجێک ڕێی لەم ناوچەیە کەوتووە".
غوڵامڕەزا شەریعەتی وتوشیەتی "دڵنیان لەوەی کە فڕۆکەکە بەبێ
هەماهەنگی هاتووەتە ئاسمانی پاریزگای خوزستان و لەبەر ئەوەش خێرا خراوەتە
خوارەوە".
شارۆچکەی ماشەهر گەورەترین ناوەندی ئابووری پیترۆکیمیایی ناوچەکەیە و دەکەوێتە ١٠٠ کیلۆمەتی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەهواز و زۆرینەی بەندەرەکان دەچنەوە سەر ئەم شارۆچکەیە.

1424 جار خوێندراوەتەوە