سلێمانی... گۆڕان و یەکێتی کۆبوونەوە

11:19 - 09/10/2019
کوردستان

شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە کۆبوونەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری سلێمانی.

ئامانجی سەردانەکەی شاندی یەکێتی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کە یەکەم سەردان و کۆبوونەوەی ھەردوولایە لە ماوەی ساڵێکدا (دوای ھەڵبژاردنی ساڵی رابردووی پەرلەمانی کوردستان و عێراق و بە ھۆی ئەنجام و رووداوەکانەوە گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان ھەردوولایەن)، بۆ پیرۆزباییکردن بوو لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان و ھەڵبژاردنی رێکخەر و ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان.

لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە، رێکخەری گشتی حزبەکە، عومەری سەید عەلی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێشوازییان لە شاندەکەی یەکێتی کرد.

دوای کۆبوونەوەکە، عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، باسی لە سەردانی شاندەکەی یەکێتی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کرد و رایگەیاند کە دۆخی ئێستای ھەرێم و عێراق و ناوچەکە ئەوە دەخوازێت کە پەیوەندییەکی بەھێز لە نێوان ھەموولایەنەکان ھەبێت.

عەدنان عوسمان کە بۆ رۆژنامەنووسان دوا گوتی: "ئێمە پێشتریش داوامان کردووە کە کۆبوونەوەی سێقۆڵی ھەبێت بۆ ئەوەی کە پشتیوانی کابینەی حکوومەت بکرێت و گوتارێکی ھاوبەشی سیاسی ھەبێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و پرسی چاکسازی لە نێوان ھەرێم، لەگەڵ یەکێتی-یش ئەم کۆبوونەوانە گرنگە کە کۆمەڵێک رێککەوتنی گرنگمان ھەیە پێکەوە".

بەرپرسەکەی گۆڕان جەختیکردەوە لەوەی کە گرنگە ھەردوولایەن پابەند بن بەو رێککەوتنانەی لەنێوانیان ھەیە و پابەند بن بە بەرژەوەندییەکانی ھاوڵاتییانەوە.

461 جار خوێندراوەتەوە