سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی داوای لێبوردن دەکات

03:34 - 20/09/2019
هەمەڕەنگ

 بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی کۆنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، قسەوباس بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا داوای لێبوردن لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش پاش ئەوەی وێنەیەکی کۆنی بڵاودەبێتەوە کە تێیداخۆی ڕەشکردووە.

وێنەکە گۆڤاری تامیز بڵاویکردۆتەوەو مێژووی گرتنەکەی دەگەڕێتەوە ساڵی 2001  کە تێیدا دەرکەوتوە، لە سازکردنی ئاهەنگێکی قوتابخانەی پۆینت گری لە شاری ڤانکوڤر، جەستن ترۆدۆ ، کە لەو کاتەدا مامۆستا بوە، دەستەکانی و دەموچاوی رەنگی رەش کردوەو لەگەڵ چوار کچدا وەستاوە.


   
بەپێی هەواڵەکە، بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا جیهانییەکان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوەو دەوترێت کە وێنەکەی جەستن کارێکی رەگەز پەرستی و نەشیاوە، لەکاتێدا لەمانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.


لەبەرامبەر ئەم قسەدا، جەستن ترۆدۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت" لە وێنەکەدا ماسکی عەلادین بە دەموچاومەوە کردوە کە گوزارشتە لە چیرۆکی هەزارو یەک شەوە"

دەشڵێت " من داوای لێبوردن لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەم دەکەم ، لەو کاتەدا باوەڕم نەدەکرد کە ئەو کارەم مامەڵەیەکی رەگەزپەرستی بێت، بەڵام ئێستا دانی پێدا دەنێم کە مامەڵەیەکی رەگەزپەرستی بوە کە کردومە".

جەستن ترۆدۆ تەمەن 48 ساڵ، کوڕی پییر ترۆدۆی سەرۆک وەزیرانی پێشتوتری کەنەدایە، سەرۆکی حزبی لیبراڵی کەنەدایە.

11248 جار خوێندراوەتەوە