ads top

دەربەندیخان...دێوانە حەیدەر لە دە پشتییەوە پیشەی ئاسنگەری بۆ ماوەتەوە

12:10 - 27/08/2019
گەلەری

دێوانە حەیدەر ئاسنگەرێكی بەتەمەنی شاری دەربەندیخانە، ئەو لە دە پشتییەوە پیشەی ئاسنگەری بە كوورەی ئاگر بۆ ماوەتەوە و تا ئێستا زۆری تەمەن و نەخۆشی و زەحمەتی رۆژگار نەبوونەتە هۆكاری ئەوەی دەست لەو پیشە زەحمەت و میراتییەی باووباپیرانی هەڵبگرێت. 

لەنێو دوكانێكی بچووكی شاری دەربەندیخان (66 كیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای سلێمانی)، دێوانە حەیدەر فەرەج بە سیما و ریشە سپییەكەیەوە كە شەكەتی و ماندوێتی رۆژگار و زەحمەتی كارەكەی لە رووخساریدا بەدیدەكرێت، سەرقاڵی كاركردنە و بەردەوامە لەو پیشەیەی وەك میرات لە باووباپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە.

دێوانە حەیدەری تەمەن 51 ساڵان كە لەئێستادا تاقە پیشەوەری ناوچەكەیە كە بەردەوامی بەو پیشەیە دەدات و لەوبارەوە دەڵێت "لە باووباپیرانمەوە ئەم كارەمان بۆ بەجێماوە كە كاری ئاسنگەرییە بە كوورەی ئاگر، نزیكەی دە پشتم ئەم كار و پیشەیەیان هەبووە، من و براكانم لە باوكمانەوە فێری پیشەكە بووین و سەرەتا بەردەستی ئەومان كردووە و دواتر بەردەوامیمان بە كارەكە داوە". 

دێوانە سەرەتا لە شارەدێی زەڕایەن (دەكەوێتە سەر شاڕێی سلێمانی ـ دەربەندیخان) لەگەڵ باوك و براكانی كاری كردووە، دواتر بەرلە 35 ساڵ ماڵی گواستۆتەوە بۆ شاری دەربەندیخان و لەو كاتەوە لە دووكانێكی شارەكەدا سەرقاڵی دروستكردنی ئەو كەلوپەلانەیە كە لە ئاسن و بە كوورەی ئاگر دروست دەكرێن. 

ئەو دەڵێت: "سەردەمی خۆی ئەو كاتانەی لادێكان مابوونەوە و خەڵك سەرقاڵی كاری جووتیاری و ئاژەڵداری بوو كارەكەی ئێمەش زۆر باش بوو، خەڵكی لادێكان دەهاتنە لامان و ئەو كەلوپەلانەی پێویستیان بوو بۆ كاری كشتوكاڵی دروستیان دەكرد و دەیانبردەوە، بەڵام ئێستا و لەوەتەی لادێكانمان نەماون و خەڵك كاری كشتوكاڵی ناكات كاریگەری گەورەی لەسەر كارەكەی ئێمەش كردووە و ئیشەكە زۆر كەمی كردووە". 

دێوانە دەڵێت، پیشەكەی ئەو پەیوەندی راستەوخۆی بە گوندەكانەوە هەیە، ئەگەر گوندەكان ئاوەدان بن ئەوكات كار و پیشەكەی ئەویش بەردەوام دەبێت، بەپێچەوانەوە ئێستا كە گوندەكان كەمبوونەتەوە و كاری كشتوكاڵی كەمی كردووە كاریگەری لەسەر كارەكەی ئەویش كردووە، جگە لەوەیش هاوردەكردنی ئەو كەلوپەلانەی ئەو دروستی دەكات لە وڵاتانی دەرەوە و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و هاتنی ئامێری تایبەت بە كاری كشتوكاڵی، زیاتر بازاڕی دێوانەی كەساستر كردووە. 

دێوانە حەیدەر لە كۆنەوە و لە رێگەی كوورەی ئاگرەكەیەوە لە ئاسن ئەو كەلوپەلانەی دروستكردووە كە جووتیار و گوندنشینەكان بۆ كاری رۆژانەیان پێویستیان پێی بووە، لەوانەش داس و تەورداس و چەكووش و بێڵ و خاكەناز و سێلـك و چەندین پێداویستی تر، لەئێستاشدا بەردەوامە لەسەر دروستكردنی ئەو كەلوپەلانە، بەڵام بەڕێژەیەكی زۆر كەمتر و بە هۆی نەبوونی خواست لەسەریان پیشەكەی بەرەو لەناوچون دەچێت.

477 جار خوێندراوەتەوە