به‌ وێنه‌: یه‌كه‌م كاروانی حاجیان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌رێم

KNN : Kurdish News Network
05:00 - 17/08/2019
گەلەری
+
-

یەکەم کاروانی حاجیانی ھەرێمی کوردستان دوای بە ئەنجامگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی-یەوە گەیشتنەوە ھەرێم.

ئەمڕۆ دوای کۆتایی ھاتنی ئەرکەکانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ، گەڕانەوەی کاروانی حاجیانی ھەرێمی کوردستان لە عەرەبستانی سعوودیە بەرەو ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و یەکەم کاروان گەیشتەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو حاجیانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان ٨٣٤ حاجی پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی دەبن.

گەشتی یەکەمی حاجیان بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی، بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش دووەم کاروانی حاجیان بگەنەوە فڕۆکەخانەی ھەولێر.

گەشتەکانی گەڕانەوەی حاجیان بەو شێوەیە لە رێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی-یەوە بەردەوامیان دەبێت و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم حاجیانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان حەوت ھەزار و ١٣٢ حاجییە بگەڕێنەوە.

لە لای خۆشیەوە دانا محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند، تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ پێشوازیکردن و گەڕانەوەی حاجیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و وتی: ژمارەی ئەو حاجیانەی ئەمڕۆ گەیشتنە فڕۆکەخانەی سلێمانی 376 حاجییەو بڕیارە بە هەشت کاروان تەواوی حاجیانی تر بگەنەوە هەرێم.

1041 جار خوێندراوەتەوە