دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ببێتە خاوەنی دوورگەی گرینلاند
80%ی دوورگەی گرینلاند بەستەڵەكە
ژمارەی دانیشتوانی دوورگەی گرینلاند زیاتر لە 55 هەزار كەسە
لە سەرەتای سەدەی 18ەوە دانیمارك بوەتە خاوەنی دوورگەی گرینلاند
سەرۆكی ئەمریكا هەوڵ دەدات دورگەی گرینلاند لە دانیمارك بكڕێت كە بە گەورەترین دورگەی جیهان دادەنرێت و نزیكەی 80%ی بەستەڵەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر لە ساڵی 1946 هاری ترومان سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكاش ویستی كڕینی ئەو دورگەیەی هەبوو بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
دۆناڵد ترەمپ، دەیەوێت خەونی سەدەیەك پێش ئێستای وڵاتەكەی بەدی بهێنێت و سنوری ئەمریكا فراوانتر بكات و دورگەی گرینلاند، كە گەورەترین دورگەیە لە جیهاندا، لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتی دانیمارك دەر بهێنێت و خاوەندارێتیی بگرێتە ئەستۆ.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەراپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، داوای لە كۆشكی سپی كردوە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی تەواو بكەن بۆ بیرۆكەی كڕینی دورگەی گرین لاند لە دانیمارك، بەڵام تا ئێستا رون نییە ئەو رێككەوتنەی ئەگەری هەیە لەنێوان ئەمەریكا و دانیمارك ئەنجام دەدرێت، چۆن دەبێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردوە: دۆناڵد ترەمپ، لە چەند بۆنەیەكدا، باسی لە كڕینی ئەو دورگەیە كردوە و هەندێك لە چاودێران پشتگیری ئەو بیرۆكەیە دەكەن و پێیان وایە، ئەو كارە چەندین سودی ئابوریی گرنگی بۆ وڵاتەكەیان دەبێت و دەبێتە هۆی دابینكردنی سامانێكی زۆر بۆ وڵاتەكەیان بە هەمان شێوەی ئالاسكا، كە ساڵی 1867 ئەمەریكا لە روسیای كڕییەوە.
ساڵی 1946 لە سەردەمی سەرۆكایەتی هاری تروماندا، ئەمریكا هەوڵیدا بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار ئەو دورگەیە بەدەستبهێنێت، بەڵام سەركەوتو نەبو، هەروەها لەلایەن دانیماركەوە بەردەوام ئەو داوایەی ئەمریكا رەت دەكرێتەوە.
ئەو خواستەی دۆناڵد ترەمپ، لە كاتێكدایە، بەهاری رابردوو لەكۆبونەوەیەكدا باسی لەو كێشانە كرد، كە روبەروی وڵاتەكەی دەبێتەوە لە ناردنی پارەی ساڵانە بۆ ئەو دورگەیە كە بڕی 420 ملیۆن پاوەندە، بۆ پاراستنی ئەو دورگەیە لەڕوی ئەمنییەوە.
دورگەی گرینلاند، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 55 هەزار كەسە و لە سەرەتاكانی سەدەی 18وە لەلایەن دانیماركەوە خاوەندارێتی دەكرێت و لە ساڵی 1953وە بە فەرمیی بوەتە بەشێك لەو وڵاتە.
گرینلاند، بە واتای زەوی سەوز دێت، كە لەسەدا هەشتای بەستەڵەكەو گەورەترین دورگەیە لەسەر روی زەوی، لەم دورگەیەدا، هاوینان بەردەوام رۆژەو شەو نایەت، لە وەزری زستانیشدا بە پێچەوانەوە بەردەوام شەوەو رۆژ هەڵنایەت.
لە ساڵی 1979 وە مافی خۆبەڕێوەبەریی دراوە بە دورگەی گرینلاند و سەر بە وڵاتی دانیماركە، دەكەوێتە نێوان ناوچەی بەستەڵەكی باكور و زەریای ئەتلەس لە باكووری رۆژهەڵاتی كەنەداوە.
ساڵانە حكومەتی دانیمارك، بڕی 4 ملیار كرۆن وەك بودجە بۆ حكومەتی دورگەی گرینلاند تەرخان دەكات بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دورگەیە..
7111 جار خوێندراوەتەوە