ئەمریكا فرۆشتنی 100 فڕۆكەی جەنگیی بە توركیا ڕادەگرێت

09:02 - 18/07/2019
جیهان

ئەمریكا مەشقكردن بە فڕۆكەوانە توركەكان لەسەر فڕۆكەی ئێف 35 ڕادەگرێت
كۆشكی سپی: سیستەمی ئێس 400ی ڕوسی‌و فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكی یەك ناگرنەوە
توركیا نیگەرانە لە بڕیارەكەی ئەمریكا لە بارەی فڕۆكەی ئێف 35 ـەوە
ئەنقەرە: بڕیارەكەی واشنتۆن كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانمان دەبێت
روسیا ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بەفرۆشتنی فڕۆكەی سۆ 35 بەتوركیا


ئەمریكا مەشقكردن بەفڕۆكەوانە توركەكان لەسەر فڕۆكەی ئێف 35 رادەگرێت، كۆشكی سپیش دەڵێت ناچارن فرۆشتنی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئێف 35 رابگرن، چونكە ئەو دوو سیستەمە یەك ناگرنەوە.


وەزارەتی دەرەوەی توركیاش ئیدانەی بڕیارەكەی واشنتۆن دەكات لە بارەی دوورخستنەوەی فڕۆكەوانە توركەكان لەسەر مەشق و راهێنانی فڕۆكەی پێشكەوتووی ئێف 35ی ئەمریكی و ئاماژە بەوەدەكات، بڕیارەكەی واشنتۆن كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانیان دەبێت.
 
 حكومەتی روسیاش ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بەفرۆشتنی فڕۆكەی سۆ 35 بەتوركیا.

ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا لەبارەی كڕینی سیستەمی بەرگری ئێس 400ی روسی لەلایەن ئەنقەرەوە پەردەسێنێت و لەبەرامبەردا، واشنتۆن توركیا  بێ بەش دەكات لە كڕینی فڕۆكەی ئێف 35، روسیاش سود لەو ناكۆكییە وەردەگرێت.

كۆشكی سپی رایگەیاند، سیستەمی ئێس 400ی روسی لەنێو خاكی توركیادا، كاریگەریی دەبێت لەسەر ئاست و توانا پێشكەتوەكانی فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكی، چونكە زانیاری هەواڵگریی لەسەر فڕۆكەكە كۆدەكاتەوە.

راشیگەیاند، جێگیركردنی ئەو سیستەمە روسیە لەخاكی توركیادا، مانای پابەند نەبونە بەو مەرجانەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ كەرێكەوتون خۆیان بەدوور بگرن لەسیستەم و چەكەكانی روسیا، ئەوەش كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر كاری هاوبەشی نێوان توركیاو ناتۆ.

كۆشكی سپی، ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو فڕۆكەوانە توركانەی لەئەمریكا مەشق دەكەن لەسەر سیستەمی فڕۆكەی ئێف 35.  ئاگاداركراونەتەوە رۆژی 31ی ئەم مانگە ئەمریكا بەجێبهێڵن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیاربو توركیا زیاتر لە 900  پارچەی تایبەت بە فڕۆكەی ئێف 35  بۆ پڕۆژەی دروستكردنی ئەو جۆرە فڕۆكەیە ئامادە بكات كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار و لە بەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 100 فڕۆكەی لەو جۆرە لە ئەمەریكا بكڕێت، كە هاوبەشە لەدروستكردنییدا، بەڵام تائێستا تەنها دوو فڕۆكەی رادەست كراوە و بەپێی بڕیارەكەی پنتاگۆن گرێبەستە نۆ ملیار دۆلارییەكە لەگەڵ توركیا هەڵدەوەشێتەوە و هیچ فڕۆكەیەكی دیكەش رادەستی توركیا ناكرێت.

لەبەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بڕیارەكەی ئەمریكا لەبارەی راگرتنی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 35و  راگرتنی مەشقی راهێنەرە توركەكان لەسەر سیستەمی ئەو فڕۆكە پێشكەوتووە. بڕیارێكی تاكلایەنەیەو دژی هاوپەیمانێتیانەو هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.

ئەنقەرە، داوا پاشگەزبونەوەی ئەو بڕیارەی لەواشنتۆن كردوەو راشیگەیاندووە، ئەو بڕیارە كاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییە ستراتیژیەكانیان و راستكردنەوەی هەروا ئاسان نابێت.

هاوكات، یوری پۆریسۆڤ، جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا رایگەیاند، ئامادەن پێشكەوتوترین فڕۆكەی جەنگی لە جۆری سۆ 35 بە توركیا بفرۆشن، بۆ ئەو مەبەستەش دەكرێت هەردوو حكومەتی مۆسكۆ و ئەنقەر دەست بەگفتوگۆ بكەن و لەو بارەیەوە رێكبكەون.

338 جار خوێندراوەتەوە