عەلی حەمەساڵح: قوباد تاڵەبانی بە نایاسایی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی لە پۆستەكەی دورخستوەتەوە

11:39 - 12/07/2019
کوردستان

عەلی حەمەساڵح: دورخستنەوەی بەڕیچوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سزای سیاسیە و دژی دەوەستنەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە پۆستەكەی، لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە سزای سیاسیە و بەهەموو شێوەیەك دژی دەوەستنەوە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە واڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بڵاویكردەوە، لە كۆتا رۆژەكانی كابینەی هەشتەمدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، فەرمانی بۆ لادانی مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەركردوە و دواتر وەزیری پەروەردە، نوسراوی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەركردووە.

جەختیش دەكاتەوە: كە ئەو بڕیارە بەشێوەیەكی نایاسایی دەركراوە و زیاتر سزایەكی سیاسیە، بۆیە ئەوان وەك فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی هەر سزایەكی سیاسی دەوەستنەوە، كە بەرامبەر هەر بەرپرس و كەسێك بكرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، ئاماژەی بەوەشكردووە: بە شاهێدی هەموان مامۆستا دڵشاد یەكێكە لە بەڕێوەبەرە گشتیە سەركەوتووەكان و بە هەموو توانایەك پشتیوانی دەبن.

3725 جار خوێندراوەتەوە