عێراق؛ پرۆژەیاسای نوێ بۆ خانەنشینی گەڵاڵە دەكرێت

KNN : Kurdish News Network
08:38 - 11/07/2019
عێراق
+
-

بەگوێرەی پرۆژە یاسا كەمترین موچە  750 هەزار دینار دەبێت
عێراق؛ پرۆژە یاساكە پلەباڵاكانیش دەگرێتەوە

پرۆژەیاسای نوێ بۆ خانەنشینی عێراق لە ئێستادا لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا تاوتوێ دەكرێت و بەگوێرەی پرۆژەیاساكە، كەمترین موچەی خانەنشینان لە عێراق لەنێوان 750 - 800 هەزار دینار دەبێت، پرۆژەیاساكە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان كەم دەكرێتەوەو لە چوارچێوەی یاسا نوێیەكەدا رێكدەخرێتەوە.

بەر لەهەرێمی كوردستان بەغداد سەرگەرمی هاویشتنی هەنگاوێكی نوێ و گەورەترە بەئاراستەی خزمەتكردن بە چینی فەرمانبەران و خانەنشینانی وڵاتەكەی، لەئێستادا پەرلەمانتارانی عێراق سەرگەرمی ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەكی نوێی خانەنشینین بۆ فەرمانبەران، لەم بارەیەوە ئەحمەد ساعدی سەرۆكی دەستەی خانەنشینی گشتی عێراق ڕایگەیاندوە: لەئێستادا سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت سەرگەرمی تاوتوێكردنی پرۆژە یاساكەن بۆئەوەی لەساڵی نوێدا ئامادەبێت بۆ كارپێكردن.

 ساعدی دەشڵێت: بەگوێرەی یاسا نوێكە كەمترین موچەی خانەنشینان لەنێوان750- 800 هەزار دینار دەبێت، سەرۆكی دەستەی خانەنشینی گشتی عێراق ئاماژەی بەوەشكردوە لەیاسا نوێكەدا هەر فەرمانبەرێكی پیاو لەتەمەنی 63 ساڵیدا خانەنشین دەكرێت و ژنانیش لەتەمەنی 55 ساڵیدا خانەنشین دەكرێت بەڵام هەر فەرمانبەرێك خۆی سەربەستە لەتەمەنی 45 ساڵیدا بەخواستی خۆی خانەنشین ببێت.

یەكێك لەو بابەتانەی كە تائێستا جیاوازی تێداكراوەو مشتومڕی زۆریشی لەسەر دروست بوە پرسی خانەنشینی بەرپرسان و خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاساییە.
وەزیر یان پەرلەمانتارێك دوای چوار ساڵ خزمەتكردن بەموچەیەكی زۆرەوە خانەنشین دەكرێت بەڵام فەرمانبەرێكی ئاسایی زۆرجار نزیكەی 30 ساڵ خزمەتكردن بەموچەی 300 - 400 هەزار دینار خانەنشین دەكرێت كەئەمەش نادادپەروەریەكی تەواوە لەمافی موچەخۆران و خانەنشیناندا دەكرێت.

بەڵام لە یاسانوێیەكەدا موچەی بنەڕەتی پەرلەمانتارێكی عێراق 4 ملیۆن دینارەو كاتێكیش خانەنشین دەبێت 4 ملیۆن دینار وەردەگرێت بەڵام بەو مەرجەی 40 ساڵ خزمەتی لەدامودەزگاكانی حكومەتدا تەواوكردبێت بەڵام ئەگەر 15 ساڵ خزمەتی هەبو ئەوا موچەی خانەنشینیەكەی تەنیا 1 ملیۆن دینار دەبێت، ئەم بڕیارە نوێیە سەرجەم فەرمانبەران بە پرسانیشەوە دەگرێتەوەو پێویستە بەپرسانی عێراقیش ملكەچی ئەو یاسا نوێیەبن.

موچەی هەرسێ سەرۆكاریەتەكەی عێراق، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی كۆمار بەرلەساڵی 2015 زۆر بەرزبو زۆرجار موچەی بەرپرسێك گەیشتوەتە سەرو 12 ملیۆن دینار و موچەی خانەنشینی وەزیرێكیش لەسەرو 10 ملیۆن دینارەوەبوە و موچەی سەرۆك كۆماریش بەدەرماڵەكانیەوە دەگەشتە زیاتر لە25 ملیۆن دینار.
پەیوەست بەهەرێمی كوردستانەوە لەدو خاڵی كارنامەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتوە.

یەكەم: لە رێگەی ئامادەكردنی یاسای چاكسازی و دروستكردنی ئەنجوومەنی راژە و چەسپاندنی یاساوە چاكسازی لە كەرتی وەزیفی گشتی و مووچەخۆر و خانەنشیندا دەكرێت، لە خالێكی دەیەمیشدا هاتوە سندوقی خانەنشینی بەپێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم كارا دەكەین.

 ئەگەر هەرێمی كوردستانیش ئەم خاڵانە بەكردەوە جێبەجێ بكات ئەوە هەنگاوێكی نوێیە بەئاراستەی خزمەتكردن بەچینی فەرمانبەران و خانەنشینان بەپێچەوانەوە كارنامەی حكومەتی نوێ دەكەوێتە ژێرپرسیارو لە روی خزمەتكردن بە فەرمانبەران و بەرجەستەكردنی دادپەروەریی لە نێوان ئەو توێژە گەورەی كۆمەڵدا هەنگاوێك دەوكەوبَتە دوای بەغداد.

7186 جار خوێندراوەتەوە