تەندروستیی كەلار: حكومەت وەڵامی داواكارییەكانمان ناداتەوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە
سەرباری ئەوەی هیچ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە منداڵان لەسنورەكەدا نییە, بەڵام پرۆژەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی منداڵان لەقەزای كەلار, ماوەی چوار ساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە، كاركردن تێیدا راگیراوە و تائێستا پرۆژەكە بە تەواونەكراوی بەجێهێڵراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیانیش دەڵێت: چەندین جار نوسراویان بەرزكردوەتەوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار و حكومەت وەڵامی داواكارییەكانیان نادەنەوە...
ئەمە پرۆژەی نەخۆشخانەی سەد قەرەوێڵەیی منداڵانە لە قەزای كەلار، كە بە بیانوی قەیرانی دارایی تەواو نەكراوە.
پرۆژەكە (27) ملیۆن دۆلاری لە بودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بۆ تەرخانكراوە، (18/8/2013) خراوەتە بواری جی بەجێكردنەوە، ماوەی تەواو بوونی (800) ڕۆژ بووە، بەڵام لە (1/3/2015)ەوە بەهۆی نەبونی بودجەوە ڕاگیراوە، تەندروستی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، وەڵامی داواكاری نوسراوەكانیان نادرێتەوە بۆ تەواو كردنی پرۆژەكە.
ئەم نەخۆشخانەیە تا ئێستا نزیكەی (4) ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج كراوەو (%30)ی كارەكانی تەواو بوون، دەبوو تا كاتی ڕاگرتنیشی نزیكەی (%75)ی پرۆژەكە تەواو بكرایە، ئیدارەی گەرمیان دەڵێن: بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو پرۆژەیە، بەڵام هیچ ئەنجامێكمان دەست نەكەوتوە.
دەبوایە ئەم نەخۆشخانەیە، لە رۆژی (8/11/2015) تەواوبكرایە لەبەر ئەوەی جگە لە كلینكە تایبەتەكانی پزیشكان، لەسنوری ئیدارەی گەرمیان هیچ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە منداڵان نییە بەڵام تائَیستا نازانرێت كەی نەخۆشخانەكە تەواودەكرێت.
323 جار خوێندراوەتەوە