دوای راگرتنی شەڕی راگەیاندن و ئەو نێوەندگیرییانەی لەنێوانیاندا کرا، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ شەممە 8-6-2019 شاندی یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆببنەوە و یەکێتیش سێ ناوی دیکە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک پێشنیاز دەکات.
دوێنێ پێنجشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لە سلێمانی کۆبۆوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دەستپێشخەرییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کراون.
بەپێی دواین زانیاری کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست (KNN) کەوتووە، هەردوولا لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی پەیوەندییان ئەندامداوە و پەیوەندییەکانیان بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و ههر لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە سبەینێ شەممە، شاندی هەردوولا لە هەولێر کۆببنەوە.
(KNN) زانیویەتی، لەو بەرەوپێشچونە نوێیانەدا یەکێتی سێ ناوی نوێی ئامادە کردووە بۆ پارێزگاری کەرکوک و بۆ وەرگرتنی بۆچونی پارتی لە کۆبوونەوەکەی سبەینێدا پێشکەشی شاندی پارتی دەکات، ئەوانیش؛ لیوا جەمال بەڕێوەبەری پێشوتری پۆلیسی کەرکوک، خالید شوانی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، هاوکات مامۆستایەکی زانکۆ-ش لەنێو کاندیدەکاندایە، بەپێی زانیارییەکان خالید شوانی چانسی زیاترە.
هەروەک بڕیارە رۆژی دوشەممەی داهاتوو 10-6-2019 پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا بە بەشداریی میوانانی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامبدات بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
16280 جار خوێندراوەتەوە