ئەحمەد عەسكەری: لە رێی پرۆسەیەكی رێكخراوەوە نەوتی كەركوك دەدزرێت
دزین و بەقاچاغبردنی نەوتی كەركوك لەلایەن تاقمی نەناسراوەوە بەردەوامە، بەرپرسانی ئەو شارەش بونی ئەو دیاردەیە رەتناكەنەوە و رایدەگەیەنن، نەوتی شارەكەیان لەلایەن چەند گروپێكی نەناسراوە دەبرێت و لەبازاری رەشدا دەفرۆشرێت، بەردەوامبونی ئەو دیاردەیەش لەكاتێكدایە لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە گۆرانكاری لەبەرێوەبردنی كەركوكدا روویداوە، بەڵام گۆڕانكارییەكە رێگرنەبوە لە بەتاڵانبردنی نەوتی كەركوك.
گۆڕانكاری لە ئیدارەی كەركوك لە دەسەڵاتی كوردیەوە بۆ دەسەڵاتی عەرەبی، رێگرنەبووە لەبەردەم دزین و بەقاچاخبردنی نەوتی ئەم شارە، شێوازی بردنی ئەمجارەی نەوت جۆرێكی ترەو ئەو بۆریانەی نەوت لەكێڵكەگانەوە دەگوازنەوە بۆ كۆمپانیای نەوتی باكور لەلایەن گروپ و تاقمی نەناسراوەوە كون دەكرێن و بەقاچاخ دەبرێت و نەوتەكەی لەبازاڕی رەشدا ساخ دەكرێتەوە.
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی پارێزگا دان بەوەدا دەنێت، پڕۆسەی دزینی نەوت لەكەركوك زۆر بەڕێكخراو ئەنجام دەدرێت، ئەو پێیوایە لەگەڵ ئەوەی ئەو هێزانەی ئێستا لە كەركوك توانای باری ئابوری وبۆریە نەوتیەكانیان نیە، بەدوریشی نازانێت لەنێو ئەو هێزانە تاقمێك هەبن و بەنهێنی نەوتی كەركوك لە بازاڕی رەشدا ساخ دەكەنەوە.
كەركوكیەكان بێ ئاگان لەوەی نەوتەكەیان ئێستا هەناردەی كوێ دەكرێت وكێ مامەڵەی پێوە دەكات، بەڵكو خەمی ئەوان دەسكەوتنی بەرمیلی نەوتەكە ئەم زستانە خۆیانی پێ گەرم بكەنەوە، ئەم هاوڵاتیە ماوەی دوو مانگە چاوەڕوانی 100 لیترنەوتی سپیە، كە چی هێشتا ئەوەشی پێ ئەوا نەبینراوە.
تەنها لەمانگی 25 رۆژی رابردودا دوو هەوڵی كەسانی نەناسراو بۆكون كردنی بۆڕیە نەوتیەكانی كەركوك لەلایەن پۆلیسی پاراستنی بۆڕیە نەوتیەكان وەزارەتی ناوخۆی عێڕاقیەوە ئاشكراكراوە، تائێستاش ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانە دەستگیر نەكراون و كەسیش نازانێت كێن ئەوانەی لەبێ ئاگایی خەڵكە بەش مەینەتەكەی كەركوك،نەوتی شارەكەیان بەرەو كوێ و لە بەرژەوەندی كێ ساغ دەكرێتەوە.
594 جار خوێندراوەتەوە