رۆژی سێشهممه 18-12-2018 وەفدی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم گەیشتە سلێمانی و لە مەكتەبی سساسیی یەكێتی لەگەڵ ئەو حزبە كۆبۆوه دوای كۆبوونهوهكه راگهیهندراوێكی هاوبهشیان بڵاوكردهوه. رۆژی چوارشهممه 19-12-2018 وهفدی دانوستانكاری بزوتنهوهی گۆڕان و پارتی له مهكۆی سهرهكی له گردی زهرگهته كۆبوونهوهو پاش كۆبوونهوهكه راگهیهندراوێكی هاوبهشیان بڵاو كردهوه.


بەثێى راگەیەندراوی یهكێتی و پارتی؛ ئەمە یەکەم کۆبونەوەى شاندى دانوستانکارى هەردوولا بووەو کۆبونەوەکەش بە راشکاوانە و بەرپرسیارانە و دۆستانە ناوبراوە و تێیدا هاتوە: "كەشو هەوای گفتوگۆكان ڕاشكاوانە، بەرپرسیارانەو دۆستانە بوون، تێدا بیرو بۆچوونی هەردوولا حزب ئالوگۆركرا، لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و هەرچی زیاتر هەماهەنگی بۆ بەهێزتركردنی دامەزراوە دەستورییو یاساییو ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستانو خزمەتی زیاتری گەلی كوردستانو هەنگاونانی جددی بۆ كاری پێكەوەیی".
له راگهیهندراوهكهشدا ئاماژه بهوهشكراوه؛ هەردوولا جەختیان لەبەردەوامی كۆبونەوەكان كردەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێ.
كۆبونەوەكە یەكەمین كۆبونەوەی ڕەسمی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەریم بوو، ئەگەر چی وابڕیاربوو كە كۆبونەوەی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتی كۆبونەوەیەكی درێژخایەن بێت و بەدرێژی رۆژ گفتوگۆی تێرو تەسەل بكەن لەسەر پرۆژەكانیان، بەڵام دوای دوو كاتژمێر كۆبونەوەكە كۆتاتهات و راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە.
راگەیاندراوەكە هیچ وردەكارییەكی تێدا نیە و تەنیا وتراوە كە هەردولا بەراشكاوانە گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێك كردووە یەكێك لەوانە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بووە، لەكۆتاشیدا نوسراوە بەمنزیكانە جارێكی تر كۆدەبنەوە.

بەپێی زانیاریەكانی KNN كۆبونەوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامی نەبووە، چونكە ئەوەی پارتی گفتوگۆی لەبارەوەكردووە ئەو نەخشە ڕیگایەیە كە بۆ كابینەی نوێ ئامادەیكردووە كەتێدا باس لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە دەكات بەڵام یەكێتی داوای لە پارتی كردووە كە بەر لەهەمو شتێك پێویستە ریككەوتنێكی دوقۆڵی لەنێوانیاندا هەبێت.
ئەندامێكی وەفدی یەكێتی بە KNN ڕاگەیاند: یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا داوایكردوە لەسەر پۆستەكانی بەغداد ، كەركوك و هەرێم وەك یەك پاكێج رێككەوتن بكرێت، چونكە هێشتا لەبەغداد پشكی كورد یەكلانەكراوەتەوە و لە سەر ئاستی كەركوكیش پۆستی پارێزگار یەكلانەبۆتەوە.

یەكێتی داوایكردوە دوای رێكەوتن لەسەر بەغدا و كەركوك،بێنە سەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دابەشكردنی پۆستەكان.
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی ئەندامێكی وەفدی دانوستانی پارتی بە KNN ڕاگەیاند، ڕێككەوتنی مەبدەئیی نیوان هەردوولامانبوو، تا كۆبونەوەكانی داهاتوو هیچ وەردەكاریەك باس نەكرێت لەو كۆبونەوانەی دەكرێت، بەڵام ئەوەی ئێمەی تێگەیشتین لەوەفدی یەكێتی ئەوەیە یەكێتی دەیەوێت پۆستەكانی بەغداد و كەركوك و هەرێم تێكەڵ بكرێت ئێمەش بۆچونی خۆمان پێ ڕاگەیاندن كەئێمە پۆستەكانی بەغداد و كەركوك بەدو شتی جیاواز دەزانین ناكرێت وەك یەك پاكێج سەیر بكرێت.

دوای كۆبوونەوەكە شاندی هاوبەشی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكیان بڵاكردەوەو لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە؛ كۆبونەوەكە لە كەشوهەوایەكی بەرپرسانە و بە ئومێدی كاركردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان لەوەكردەوە، كە پرۆسەی گفتوگۆكردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو خاڵە هاوبەش و زۆرانەی لە روانگەی هەردوو شاند هەیە بۆ بەرنامەی كابینەی حكومەت بە ئامانجی باشتركردنی بژێوی خەڵك و چاكسازی ریشەیی لە هەموو بوارەكان.

لە بەشێكی تری راگەیەندراوهكهی گۆڕان و پارتی ئاماژە بەوەكراوە؛ گرنگە بەرنامەیەكی تۆكمەی هاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەكانی شەفافیەت و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حكومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان و ئیدارەدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
جەختیش كرایەوە لە دانانی بەرنامە و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەمیكانیزمی گونجاوی جێ بڕوای لایەنە بەشداربوەكانی حكومەت، بنەمای سەرەكی بێت.
بەپێی زانیارییەكانی KNN بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ بەردەوامیدان بەگفتوگۆكان و یەكلایكردنەوەی پۆستەكان.
پەیامنێری KNN راشگەیاند: وەفدەكەی پارتی بەرێكەوتوون بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی كۆبوونەوەكە، كە دوێنێ لەگەڵ شاندی باڵای ئەو حیزبە كۆبوونەوە. دواتر دەگەڕێنەوە هەولێر.
هەروەها جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدهببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی دانوستانەكانی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان و وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی و بەشدارییكردن یان بەشداریی نەكردن لە كابینەی نوێ و پڕۆژەی گۆڕان لەوبارەیەوە. جڤاتی گشتی راسپاردەکانی لەو بارەیەوە ئامادە دەکات و دهیداته جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دهدات.

وهفدهكهی گۆڕان پێكهاتبوون، لە ئاراس وەلی، عەلی حەمەساڵح، مستەفا سەیدقادر، جەلال جەوهەر، ئاواتی شێخ جەناب، رەئوف عوسمان، جەمال حاجی محەمەد.
شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتوون لە: هۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، جەعفەر ئیمینکی، دڵشاد شەهاب، هێمن هەورامی و فرسەت سۆفی.
982 جار خوێندراوەتەوە