سەعد كەعبی: لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە قەتەر هیچ پەیوەندیەكى بە ئۆپیكەوە نامێنێت

KNN : Kurdish News Network
07:24 - 03/12/2018
ئابوری
+
-

قەتەر لە ئۆپێك دەكشێتەوە
سەعد كەعبی: لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە هیچ پەیوەندیەكمان بە ئۆپیكەوە نامێنێت
شارەزایەكی وزە: چوونە دەرەوەی قەتەر كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت

حكومەتی قەتەر، لە رێكخراوی ئۆپێك دەكشێتەوەو وەزیری وزەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی نوێوە هیچ پەیوەندیەكیان بە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوتی ناسراو بە ئۆپێكەوە نامێنێت. 

سەعد ئەلكەعبی، ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی كار دەكات بۆ بەهێزكردنی پێگەی لە بازاڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی.

سەعد بن شریدە ئەلكەعبی، وەزیری وزەی قەتەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی سەرەتای ساڵی داهاتوو رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت-ی ناسراو بە ئۆپێك جێدەهێڵێت و گرنگی زیاتر بە بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەدات.

وڵاتی قەتەر لە رووی بەرهەمهێنانی غازی سروشتیەوە لەسەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی پێنجەمدایە و ساڵانە زۆرترین غازی سروشتی هەناردەی بازارەكانی جیهان دەكات. هاوكات بە نیازە بڕی هەناردەكراوی غازی ساڵانە لە 77 ملیۆن تۆنەوە بۆ 110 ملیۆن تۆن بەرز بكاتەوە.

 سەعد بن شریدە ئەلكەعبی، وەزیری وزەی قەتەر دەڵێت: "بۆ ئێمە تاكو بتوانین ئامانج و خواستەكانمان بەدەستبهێنین، پێویست دەكات تەركیز بخەینەسەر شوێنی خۆمان لە بەرهەمهێنانی غاز لەسەر ئاستی جیهان، بۆ ئەنجامدانی ئەمەش هەڵسەنگاندنمان بۆ ئامار و ئاستی بەرهەمهێنانی خۆمان كرد و بڕیارماندا لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، لە رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) بكشێینەوە و هەواڵەكەشمان بە رێكخراوەكە گەیاندووە".

رێكخراوی ئۆپێك لە ساڵی 1960ەوە دامەزراوە و پاش كشانەوەی دەوحە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، قەتەر دەبێتە یەكەمین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە رێكخراوەكە جێدەهێڵێت.

سەبارەت بە  كاریگەریی جێهێشتنی ئۆپێك لەلایەن قەتەرەوە، دەیڤد وێچ-ی شارەزای بواری وزە لە ڤییەننای پایتەختی یۆنان ئاماژەی بەوە كرد، كە چوونەدەرەوەی قەتەر كاریگەرییەكی كەمی دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی قەتەر لە رووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە لاوازە و تەركیزی زیاتری لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتیە.

رێكخراوی ئۆپێك بە مەبەستی رێكخستن و كۆنترۆڵكردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، سنوری بەرهەمهێنان بۆ وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكە دیاری دەكات و ناچاریان دەكات، كە پابەندبن بە بەرهەمهێنانی ئەو بڕەی بۆیان دیاریكراوە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا وڵاتانی بەرهەمهێنەری دەرەوەی ئۆپێك كاریگەریی زۆر زیاتریان لە بەرزكردنەوە و دابەزاندنی نرخی نەوت هەبووە.

608 جار خوێندراوەتەوە