سەردەمە تاریکەکان ئەو سەردەمانە نین کە تەنھا دیکتاتۆریەت و ستەمگەریی لە شێوازە جیاوازەکانیاندا بەرھمدەھێنن. راستە بونی ستەمگەریی لە چەندەھا فۆرمیدا بەشێکە لە تاریکاییەکانی دونیا و تاریکاییەکانی سەردەمێکی مێژویی. بەڵام لەمانە بنچینەییتر، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت، نەبونی ژیان و روبەرێکی گشتییە لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیروڕا و بۆچونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناویدا دەربکەون و وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژویی و چالاک دەستبەکاربن.
مرۆڤ لە روبەری گشتیدا دەردەکەوێت، قسەدەکات، دەبیسترێت، کردە ئەنجامئەدات، تیشک دەخاتە سەر مەسەلە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا، باس لەوەدەکات چیی سەرەکیی و بنەڕەتییە و چی لاوەکیی و پەراوێزییە، چی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت و روداوە سەرەکییەکانی کامانەن. ھەروەھا ئەو روبەرە گشتییە نیشانیئەدات چ شتێک لە خەیاڵ و عەقڵ و ھەستی کەسەکاندا ئامادەیە، خەڵک خەون بە چییەوە دەبینن و چ چاوەڕوانییەکیان ھەیە، کەسەکان کێن و دەتوانن چی بکەن و چی ئەنجامبدەن. روبەری گشتیی شوێنی دروستبونی ژیانی گشتییە. ئەو ژیانە پێکەوەییەی کە کەسەکان دەکات بە ئەندامی ئەم یان ئەو کۆمەڵگا.
ھانا ئارێنت ئەم جۆرە ساتەوەختانە بە ساتەوەختی تاریک ناودەبات، بەڵام بەبێئەوەی نائومێد ببێت. چونکە پێیوایە لەناو سەردەمە مێژوییە تاریکەکانیشدا مرۆڤ ھێشتا مافی ئەوەی ھەیە گەشبین بێت
”سەردەمی تاریک“ ئەو سەردەمەیە کە ژیانی گشتیی و روبەری گشتیی ئەم کارانەی بۆ ئەنجامنادرێت. درۆی رێکخراو دەبێتە گوتاری باڵادەستی ناو ئەو روبەرە، ترس حوکمڕانیی دەکات، سیاسەت لەباتی چالاکی بەرھەمھێنانی ژیانێکی گشتیی ماقوڵ و پلورال، دەبێت بە کردەی درۆکردن و شاردنەوەیەکی بەردەوام، بۆشایییەکی گەورە لە متمانەکردندا دروست دەبێت و کەس باوەڕ بەوەناکات چی دەگوترێت و چ لێکدانەوەیەک بڵاودەکرێتەوە. لە سەردەمی تاریکدا ئەو قسانەی دەکرێن لەباتی ئەوەی نیشانیبدەن چی رویداوە و چی روئەدات، بەشێکن لە کردەی شاردنەوەی شتەکان و داپۆشینیان. زمان لەباتی نیشاندانی دونیا لە ھەقیقەتەکانی خۆیدا، دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوە و چەپاندن و ساختەکردنی ھەمو ئەو ھەقیقەتانە. ئەمەیە وا لە ھانا ئارێنت دەکات گەورەترین شێوازی بێمافکردنی مرۆڤ لە بێمافکردنی لە بونی روبەرێکی گشتییدا ببینێت کە تیایدا بیر و راو بۆچونەکان گرنگیان ھەبێت و کردەکانیش بتوانن کاریگەریی بەجێبھێڵن. لەھەر شوێنێکدا راو بۆچون مانای نەما و کردەکانیش بێنرخ و بێکاریگەریی کران، لەوێدا سەردەمێکی تاریک ئامادەیە.
ئەوەی ئێستا لە دونیای ئێمەدا رودەدات کوشتنی ئەو روبەرە گشتییەیە کە تیایدا، لەسەرێکەوە، جگە لە درۆکردن و شاردنەوە و نھێنیکاریی و پیلانی ھەمەجۆر و ناپاکیی و وێرانکردنی تەواوەتی متمانە, شتێکی تری ئەوتۆ لەناویدا رونادات. لەسەرێکی دیکەشەوە ھەمو میکانیزمەکانی سەرکوتکردن و وەڕسکردن و رێگرتن لە ھەر کردەیەکی ماناداری تیادا ئامادەکراوە.
ھانا ئارێنت ئەم جۆرە ساتەوەختانە بە ساتەوەختی تاریک ناودەبات، بەڵام بەبێئەوەی نائومێد ببێت. چونکە پێیوایە لەناو سەردەمە مێژوییە تاریکەکانیشدا مرۆڤ ھێشتا مافی ئەوەی ھەیە گەشبین بێت و تیشکێک ببینێت کە ھێما بۆ دونیایەکی روناکتر بکات".
له پهیجی نوسهر له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك وهرگیراوه:
2612 جار خوێندراوەتەوە