عێراق لەبەردەم سیناریۆی بە یەمەن و بە سوریا بوندا


عێراق نە دەوڵەتی نەتەوەیە، واتە دەوڵەتێکە خاوەنی نەتەوەیەک نییە بەناوی نەتەوەی عێراقەوە. نە جوگرافیایەکی نیشتیمانیشە بە مانای ئەوەی ھەمو پێکھاتەکانی ناو ئەو جوگرافیایە ئەو سەرزەمینە بە نیشتیمانی نەتەوەیی و بە جوگرافیای سیاسیی خۆیان بزانن. عێراق روبەرێکی پارچەپارچە و دابەشبوی پڕ ناکۆکیی قوڵ و گەورەیە. ئەوەشی وادەکات ئەم وڵاتە دابەشنەبێت، ویست و خواستی پێکھاتەکانی ناو وڵاتەکە نییە، بەڵکو پێگەی عێراقە وەک دەوڵەتێک لە ناو سیستمە ئیقلیمەکەی ناوچەکەدا. سێ پێکھاتەی سەرەکییەکەی وڵاتەکە خۆشی، شیعە و سونە و کوردیش، لەناو خۆیاندا پارچەپارچە و ناھاوبەش و بێ لانی کەمی ھەرجۆرە ئیجماعێکە. ئەو سێ بلۆکە سیاسییە لە مێژە لەسەر ململانێی دەسەڵات و ململانێ لەسەر دزیی و تاڵانیی و گەندەڵیی لەناو خۆیاندا پارچەپارچەبون.

ئەوەی لە بەسرە رودەدات زۆر جیاواز نییە لەوەی ساڵانێکی درێژ لە کوردستاندا رویداوە و دەشێت سەرلەنوێ روبداتەوە: پێکدادانی ھێزە نەیار و ناتەباکان لەسەر دەسەڵات لەگەڵیەکدا لەسەرێکەوە و، زەلیل و بێئومێدکردنێکی ھەمەلایەنەی دانیشتوان و بێبەشکردنیان لە سادەترین خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، ئامادەگیی چەندان میلیشیای رەسمیی و ناڕەسمیی و بڵاوبونەوەی چەکێکی زۆر بەسەر بەشێکی گەورەی دانیشتوانەکەدا، لەسەرێکی دیکەوە، ئەو وێنە گشتییەیە کە بەبێ زەحمەتییەکی زۆر دەتوانین دروستیبکەین. ئەوەی دەیبینین فەشەلەێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ئەو نوخبە سیاسییانەیە کە لە قۆناغی دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین لەو وڵاتەدا حوکمڕان بون و دەزگاکانی ئەم حوکمڕانییەیان بەکارھێناوە بۆ قایمکردنی پێگە ئابوریی و سەربازیی و ئیقلیمیەکانی، خۆیان.

لەناو عێراقدا کێشەیەک نەماوە بە ئیقلیمیی نەکرابێت، ئێران و تورکیا و سعودیە رۆڵی راستەوخۆ لە زۆرێک لە روداوە سەرەکییەکانی ناو ئەو وڵاتەدا دەبینن. لە دەرەوەی ئەوانیشدا ئەمەریکاو روسیا و ئیسرائیل بە شێوازی جیاواز ئامادەن. کەم ھێز ھەیە لە عێراقدا، بە ھێزە کوردییەکانی خۆشمانەوە، کە پرۆکسی و پیاوی لایەنێک لەو لایەنە ئیقلیمیانە نەبێت. ئەمە وایکردوە ئەو وڵاتە ئیقلیمیانە دەستیان لەناو خاکی عێراق و لە ناو ھەرێمیشدا کراوەبێت. ئێران بە قوڵایی سەدان کیلۆمەتر دێتە ناو خاکی ھەرێم و کۆیە بۆمباران دەکات و بەدەیان کەس دەکوژێت و برینداردەکات. ئاو لە خەڵکی ناوچەی قەڵادزێ و پشدەر دەگرێتەوە، دەستوەرئەداتە ناو ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کوردستانەوە، ... ھتد. تورکیا دەیەھا بنکەی سەربازیی لەناوچەی بادیناندا ھەیە و لەوێوە نەک تەنھا چالاکیی سەربازیی ئەنجامئەدەن، بەڵکو وەک چاوی کراوەی تورکیا لەناو ھەرێمدا ئامادەن و کاردەکەن و کەرکوک بە بەشێک لە قەڵەمڕەوی خۆیان دەزانن.

فەشەلی رۆژانەی مۆدێلی ئەم حوکمڕانییە و نائومێدبونی تەواوی خەڵک لێیان، سەرەتای یاخیبون و جەنگێکی گەورەیە لەنێوان خەڵک و حوکمڕانیەکەدا، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم یاخیبونە تەنھا وەک کردەیەکی ناوەکیی نامێنێتەوە، بەڵکو ھێزە جیھانیی و ئیقلیمییەکان دەستی تێکدەر و وێرانکارانەی خۆیانی تێوەرئەدەن و ھەوڵئەدەن بۆ قازانج و مەسڵەحەتی تایبەتی خۆیان بەکاریبھێنن. وەکچۆن راپەڕینی خەڵک لە سوریا و یەمەندا گۆڕان بۆ جەنگێکی خوێناوی ناوەکیی و ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی، ئاواش عێراق لەبەردەمی ئەگەری ھەمان سیناریۆدایە.

968 جار خوێندراوەتەوە