دەربارەی بایکۆتی سیاسیی

لە وەڵامی چەند خوێنەرێکدا

�یەکەم: ساڵانێکە شتێک بەناوی ”ئیجماعی سیاسیی“ کوردستانییەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە، ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە ”سوکایەتیی سیاسیی“ بەردەوام، ”بەڵتەجێتی سیاسیی“ ڕێکخراو، ”توندوتیژیی ھەمەلایەن“ و بەگەڕخراو،  ”بەخائین و ناپاککردن“ێکی ھەمەلایەن و بەربڵاو. لەسەرو ھەموو ئەمانەشەوە ”درۆی سیاسیی“ ھەمەشێوە و ”بێشەرمیی سیاسیی“ ساڵ لەدوای ساڵ و کەڵەکەکراو. ھەموو ئەوانەی باس لە ”ئیجماعی سیاسیی“ دەکەن، تا بینەقاقایان نووقمی ناو ئەو ”سەرەنوێلکە سیاسیی“ە گەورەیەن کە ئەو ھەموو سوکایەتیی و ملشکان و بێشەرمیی و درۆزنیی و توندوتیژییە سیاسییەی لە ھەرێمدا بەرھەمدەھێنێت.

دووھەم: ساڵانێکە لە ھەرێمدا شتێک نەماوە و نییە ناوی ”مەسەلەی کورد“، یاخود “مەسەلەی کوردستان“ بێت لەناو سیاسەتی دوو پارتە حوکمڕانەکەی ھەرێمدا، ئەوەی ھەیە سەپاندن و فراونکردن و پاراستنی ڕۆژانەی دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەکی سیاسییە، کە لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنجیان دروستکردوە و ھەموویان بەشی شێریان لەو کێکی دەسەڵاتدارێتیەدا دەوێت کە لەھەرێمدا دروستکراوە. مەسەلەی کورد کورتکراوەتەوە بۆ مەسەلەی ئەو  بنەماڵە سیاسییانە و ئەو نوخبە بچوکە موستەفیدەی لەدەوری ئەو  بنەماڵانە کۆبونەتەوە.


سێھەم، ئەو پەیوەندییە سەرەکییەی ئەم دوو بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانە بە خەڵکی ھەرێمەوە گرێئەدات، فۆرمە جیاوازەکانی توندوتیژیی و بەکارھێنانی میلیشیا و سەپاندنی بەزۆری خواستە سیاسییەکانیانە، بە پەنابەردن بۆ تەزویر و بۆ ھەموو ئەو فۆرمانەی تری زەبری سیاسیی کە لەبەردەستیاندایە.
 
چوارھەم، لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە، کە گەمژەییەکی سیاسیی کەم وێنە دروست و ئاراستەی کرد، پێگەی کورد و پێگەی ھەرێم لە بەغدا تووشی داتەپینێکی ستراتیژیی بووە، بەجۆرێک گەڕانەوە بۆ ھەلومەرجی پێش ڕیفراندۆم مەحاڵە و بەھەمان ئەندازەی گۆڕینی عێراق بۆ ”دراوسێیەکی باش“ خورافیە. ڕیفراندۆم کوردستانی بە کردەوە گەڕانەوە بۆ سەردەمی حوکمەزاتییەکی بەعس و بەدەیان شێوە لەبەردەم بەغدادا بە چۆکیداھێناوە.

پێنجەم: ھەرکەسێک چاوەڕوانی ئەوە بێت پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەم ھاوکێشە دۆڕاو و وێرانە و ئەم کەوتنە ستراتیژییە ڕاستبکەنەوە، فێڵ لە خۆی و لە ھەموو دونیا دەکات. دۆخی کورد لە بەغدا بەجۆرێک وێرانە چاککردنەوەی لەلایەن ئەم حوکمڕانانەی ئەمڕۆکەی ھەرێمەوە کارێکی مەحاڵە. ئەمە جگە لەوەی لە کارنامە و خواستی ئەمانەدا نییە ئەو پێگە وێرانە چاکبکەنەوە، دەنا ھەنگاوی چاککردنەوەکەیان پێشتر لەناو کوردستان خۆیدا دەستپێدەکرد.

شەشەم، ھەموو ئەمانە وادەکات کەوتنە دوای پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا و بەشداربوون لە پەرلەمانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕادەی فراوانیی تەزویر و ساختەکارییەکانی زیاتر دەردەکەوێت، تاوانێکی سیاسییە. بەغدا بۆ ئەوان جێبھێڵن شکستەکانی خۆیانی تیا تۆختربکەنەوە، وا باشترە کەس نەبێتە شەریکی ئەو وێرانەسازییە گەورەیەی دروستیانکردوە.

1634 جار خوێندراوەتەوە