لە یادی دروستکردنی شاری سلێمانییدا:


لە یادی دروستکردنی شاری سلێمانییدا:
چەند پەرەگرافێک لە پێشەکی کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“

”شار لەم کتێبەدا،(کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ )، یەکەیەکی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی گەورەیە کە شوێنی دروستبوونی دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتیی و پرۆسە و ئاکار و فەرھەنگی نوێ و جیاوازە. کە باس لە شار دەکەم تەنھا باس لە سەرزەمینێکی جوگرفایی گەورە و لە ژمارەی زۆری مرۆڤ و لە ئامادەگیی چەندەھا بازاڕ و مۆڵ و پارک و چاپخانە و کتێبخانە و چاخانە و شتی دیکەی لەم باباتە، ناکەم بەتەنھا، گەرچی ھەموو ئەمانە دەرکەوتی گرنگی شارن و لەزیاد لە بابەتێکی ناو ئەم کتێبەدا بە وردی قسە لەسەر ھەندێکیان کراوە، بەڵکو بەر لە ھەموو شتێک باس لە ماف دەکەم. شار وەک ڕووبەرێک بۆ ماف، لەوانەش، بۆ نموونە، مافی ھەبوونی شار، یان مافی بوونی ”ماف لە شار“دا. لەھەموو ئەو دۆخانەدا کە باس لە شار دەکەم لەم دیدە تایبەتەی پێداگرتن لەسەر مافەوە باسی دەکەم، دیدێک کە دوو کۆمەڵناسیی بەناوبانگی وەک ھێنری لۆفۆفێر و دیفید ھارفی بە "مافی ھەبوونی شار" ناویدەبەن. مافی ھەبوونی شار، یاخود بوونی ماف لە شاردا، کۆمەڵێک مافی سەرەکیی دەگرێتەخۆی کە دەشێت بەم شێوەیە ریزیانبکەین: مافی ھەبوونی ماڵ، ھەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، ھەبوونی کار، ھەبوونی ئاستێک لە ژیانی گونجاو، ھەبوونی شوێنی یاریی و پشوودان، توانای دەستگەیشتن بە زانیاریی، ھەبوونی ئازادیی خۆڕێکخستن و کۆبوونەوە، ھەبوونی ئاو و خۆراک، مافی ھەبوونی توانای بەشداربوون و تەعبیرکردن لە خود، ھەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و پەروەردەو ڕۆشنبیریی، ھەبوونی ژیانی تایبەت و ئاسیش، ھەبوونی ژینگەیەکی پاکژ و تەندروست، ھتد...ئەمە جگە لە مەسەلەی پاراستنی پلورالیزم و فرەڕەنگیی لە شاردا و پاراستنی مێژو و شوناسە فەرھەنگییەکەی شار و پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی لەناویدا. بە مانایەکی دیکە کە باس لە شار دەکەم وەک ماف، باس لە ھەندێک پرنسیپی فیکریی و تیوریی موجەرد ناکەم، بەڵکو باس لە ئامادەگیی ئەم مافانەش دەکەم لە ناو سەرجەمی ئەو میکانیزمانەدا کە شار دروستدەکەن. بۆ نموونە لەم کتێبەدا من بەرگریی لە ”ڕووبەری گشتیی“ دەکەم وەک ڕووبەرێکی مافپەروەر، بەرگریی لە سیستمی خوێندن و فێربوون دەکەم وەک سیستمی دروستکردنی سەرتایەکی یەکسان و دادپەروەر بۆ ھەمووان، بەرگریی لە ژیانێکی گشتیی دەکەم بێترس و فشاری دەرەکیی ھتد... ئەم کتێبە لە ئاستە نۆرماتیڤ و پێوانەییەکەیدا بەرگریی لە بوونی جۆرە شارێک دەکات کە دانیشتوانەکەی وەک ڕێگر و بەربەست لەبەردەم پرۆژەکانیدا نەبینێت، شارێک دانیشتوانەکەی لێ زیاد نەبێت و وەک مرۆڤی زیادە وێنایاننەکات، بەڵکو پرۆژەکانی لە خزمەت و لە پێناوی دانیشتوانەکەیدا ئەنجامبدرێت. پێشکەوتن و تازەبوونەوەی ڕاستەقینەی شار مانای پێشکەوتن و تازەبوونەوەی دانیشتوانەکەی دەگەیەنێت، نەک پێشکەوتنێکی دەرەکیی کە فۆرمی گیتۆی کۆمەڵایەتیی و دابەشبوونی قووڵ و زیاتر و دروستبوونی رووبەری گشتیی نایەکسان و لەدایکبوونی دەزگای نادادپەروەر، بگرێتەخۆی. ئەو خاڵەش کە ئاراستەی ئەم دید و روانینە بۆ شار دەکات، ئەو روانینەی کۆمەڵناسی ئەمریکی بەناوبانگ ”رۆبرت پارک“ە کە پێیوایە مرۆڤ لە پرۆسەی دروستکردنی شاردا کەسایەتی خۆشی سەرلەنوێ دروستدەکاتەوە. شار تەنھا ڕووبەرێکی دەرەکیی نییە بەڵکو ڕووبەرێکی دەرونیی و ناوەکییە و ڕۆڵێکی گەورە لە دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤدا دەبینێت. ئەم دیدەیە بۆ شار وادەکات، بۆ نموونە، دیاردەی خۆکوشتنی ئافرەتان لە کوردستاندا وەک دیاردەیەکی شاری ببینم و وەک بەشێک لەو فەزا و بەھا و دۆخە سایکۆلۆژییە وێنایبکەم کە لە شارەکانی ھەرێمدا دروستبوون و ھاتونەتە کایەوە. وادەکات تەواو دژی ئەو پرۆسەی بەتایبەتیکردن و بەبزنسکردنەی سیستمی خوێندن بم کە ئەمڕۆکە لە کوردستاندا سیستمی فێربوون و پەروەردەی وێرانکردوە. ھتد..“

203 جار خوێندراوەتەوە