ئەوەی لە دۆخی سیاسیی کوردانی باکور بڕوانێت پێویستە
دڵخۆش بێت بەو ئەزموونە ئازادیخواز و زیندووە کە وزە و توانای ڕێکخستن و چالاککردنی
بەشێکی گرنگیی کۆمەڵگایەکی تەواو چەوساوە و ھەژار و پەراوێزخراوی سیستماتیکیی، ھەیە.
بە تایبەتی لە ھەلومەرجێکی تەواو نەخواستراوی پڕفشار و دەستدرێژیی و پەلاماردانی ڕۆژانەی
ھەمەلایەن، ھەلومەرجێک پڕ لە گرتن و بێماف و بێڕێزیکردنێکی پلانبۆدانراوی بەرفراوان.
لە باکوردا میلەتێکی زیندوو ئامادەیە کە ھێشتا خەریکی تەکاندنی تەپۆتۆزی سەدەیەک
تواندنەوە و بە تورککردنێکی قووڵ و ھەمەلایەنە، ھێزگەلێکی زیندووش ھەیە کە لەم ساتەدا
ھەزاران چالاکەوان و ھەواداریان لەناو زیندانەکانی ئەردۆگاندایە و بەسەدەھا شێوازیش
فشاریی ڕۆژانەی بەردەوام و ھەمەجۆریان لەسەرە. ئەوەی لە باکوردا ئامادەیە ئەو فۆرمانەیە
لە زیندووبوون کە دەشێت ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤیان لەسەر بنیادبنرێت. ئەوەی لەوێیە
وزەیەکی گەورە و سەرسوڕھێنەری ئیشکردن و نەبەزینە کە دەتوانێت سەرچاوەی دەرسێکی ئەخلاقیی
و سیاسیی گرنگ بێت بۆ ھەموو ئەو کەس و ھێز و لایەنانەی کە نووقمی ناو باوێشکدان و
خەواڵوبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆرن.
ئهوهی ھەدەپە لەناو ھەلومەرجی سەختی تورکیای ئەمڕۆ ... بەدەستیھێناوە، دەسکەوتێکی گرنگ و گەورەیە.
لەناو کوردانی باشوردا گوتارێکی بێمانا و
ترسناک ئامادەیە کە جگە لەوەی سادەبوونێکی کوشندە ئاراستەی دەکات و پێیوایە
کوردبوون دیاردەیەکە پێویستە بەزەوقی ئەوان بجوڵێتەوە و یەک شێوە و یەک مانا و یەک
دەرکەوتی ھەبێت کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەواندا بگونجێت، ھاوکات گوتارێکی تەواو
تاریک و نائومێدکەریشە کە ئەرکی ژمارە یەکی شاردنەوەی تواناکەنای ئینسانی ئێمە و سڕینەوەیەکی
ھەمەلایەنی ڕەھەندە سیاسییەکانی ناو کەسایەتی ئەو ئینسانەیە. نیشاندانێتی وەک بوونەوەرێکی
بێکردە و بێتوانای ناچالاک. لەسەرێکی دیکەوە ئەم گوتارە ڕۆحیەتێکی نارسیستیی و خۆپەرستانەی
سەرسوڕھێنەر ئاراستەی دەکات کە زمان و دەستەواژەی سەرەکیی بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کۆمەڵگایە
بریتییە لە بە گەمژە ناساندن و بە ھیچ تەمەشاکردن و بێنرخکردنی کردە مێژوویی و سیاسیی
و کۆمەڵایەتییەکانی. لەمەش خراپتر نمایشکردنی ئەم کۆمەڵگایە وەک کارخانەیەکی گەورە
بۆ بەرھەمھێنانی حەیوانات، کۆمەڵگایەک گوایە خەریکی بەحەیوانکردنی مرۆڤەکانیەتیی و
جگە لەم بەحەیوانکردنەش ھیچ ھونەرێکی تر نازانێت.
بەبۆچوونی من ئەوەی ھەدەپە لەناو ھەلومەرجی سەختی
تورکیای ئەمڕۆ و خەونی سوڵتانیانەی ئەردۆگاندا بەدەستیھێناوە، دەسکەوتێکی گرنگ و گەورەیە.
ھێما بۆ ئەو فۆرمە کراوە و زیندوو و چالاکەی کوردبوون دەکات کە بە بەرپرسیارێتییەکی
مێژوویی گەورەوە لەم قۆناغەدا ئامادەیە. ھەدەپە یەکێکە لە ھێزە زیندووەکانی ناو ئەو
ھەلومەرجە پڕ ستەمگەریەی ئەردۆگانیزم دروستیکردوە. ھەدەپە نیشانیدایەوە کە ھێزێکی
زیندووە و وزەیەکی گەورەیە کە بە ئاسانی لەناوناچێت.
سهرچاوه: پهیجی فهرمی نوسهر:
2138 جار خوێندراوەتەوە