ئەوەی ئەمڕۆ سەیری ئەو وێنە و دیمەنانە بکات کە بۆ مەسەلەی کورد لە ئاستی جیھانیدا دروستبوە، بە بەراورد بە ساڵە درێژەکانی سەدەی بیستەم، ھەندێک گۆڕانی گرنگ و بنەڕەتیی دەبینێت، کە دەشێت وەک ”وەرچەرخان“ لە دۆزی کوردا وێنابکرێت. ئەوەی دەبینرێت دروستبونی وێنەیەکە زۆر جیاواز لەو غیاب و ”بۆشاییە گەورەیە“ی بە درێژایی سەدەی بیستەم لە ئارادابوە. بەشێوەیەکی گشتیی لە سەدەی بیستەمدا ”مەسەلەی کورد“، مەسەلەیەکی ون و نەناسراو و نەبینراو بو، کێشەی کەمینەیەکی گومناوی ناو سنورەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی بو. لە ئاستی جیھانیدا شتێک نەبو بەناوی ”گێڕانەوەی کوردییەوە“، Kurdish Narrative، بێدەنگیەکی گەورە ھەبو لەناو ئەو ڕوبەرە گەورەیەی قسەکردن و گێڕانەوەیەدا کە لە جیھاندا ئامادەبو. فۆرمە جیاوازەکانی بێدەنگکردن و نەبونی زمان و نەبونی وێنە، دەرنەکوتن و نەبینین فۆرمی ئامادەگیی ئەم میلەتەبو لە جیھاندا. کورد کەمینیەکی ون و نەناسراوی ناو دەوڵەتانی ناوچەکە بو. ژیان و بەسەرھات و ڕوداوەکانی بزر و بێگوتار بو، بە دەگمەن نەبێت ھیچ شتێکی، تەنانەت کارەساتە گەورەکانیشی، سنوری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی تێنەدەپەڕاند کە لەناویاندا نیشتەجێبو.
بەڵام ئەم دۆخە لە ئێستادا گۆڕاوە، ئەمڕۆ وێنەیەکی کورد لە جیھاندا ئامادەیە کە لای زۆرینەی خەڵک بینراو و ناسراوە. ئەم وێنەیە ھەم نوێیە و ھەم تەنھا وێنەی کەمینەیەکی ئەتنی غەدرلێکراو و چەوساوە نییە، بەڵکو وێنەی میلەتێکیشە بڕیاریداوە نەتوێتەوە، وێنەی شوناسێکە دەیەوێت ھەبێت و بژیی، وێنەی مافێکە بەدوای شوێنی خۆی لە جیھاندا دەگەڕێت. ھەمو ئەمانە لە فۆرمی تەحەدایەکی گەورەدا دەبینرێن بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد لەناویاندا دەژی. ئامادەگیان وەک میلەتێکی بێماف، وێناکردنیان وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنیی، یان مامەڵەکردنیان وەک کەمینەیەک کە پێویستە کۆنترۆڵبکرێن، بڕ و ڕادەی ئەو تەحەدایانەی بۆ ڕەوایەتی ئەو سیستمە سیاسییانە گەورەتر کردوە کە لە ناوچەکەدا ھەن و دروستکراون.
لە دەساڵی رابردوشدا دەرگیربون لەگەڵ داعشدا، وەک ڕایدکاڵترین ھێزی ئیسلامی سیاسیی و ئۆرگانێک کە تێرۆر جەوھەرەکەی دەستنیشاندەکات، یان وەک ھەڕەشەیەکی گەورە ھەم لەسەر ناوچەکە و ھەم لەسەر جیھان، وێنەیەکی تری بۆ کورد دروستکردوە کە ئەویش دیسانەوە وێنەیەکی پۆزەتیڤ و مانادارە. وێنەی کورد وەک میەلتێک کە ڕادیکالیزمیی دینیی قبوڵ نییە و ژنەکانیان وەک پیاوەکانیان توانای بەرەنگاربونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی پەڕگیریی دینیی و نادینیان ھەیە و پارێزگاریی لە پلورالیزمی دینیی و فەرھەنگیی و سیاسیی دەکەن.
ئەم وێنە تازەیە وێنە باڵادەستەکەی ناو ڕای گشتیی و ناو بەشێکی گەورەی میدیا و ناو کۆمەڵگای مەدەنیی بەشێکی گەورەی وڵاتانی جیھانە. بەڵام ئەوانەی شارەزایی زیاتریان لە مەسەلەی کورد و ھێزەکانیدا ھەیە، ئەوانەی لە نزیکەوە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان دەناسن، ئاگاداری دیوە تاریک و ناشیرینەکانی مەسەلەی کوردن. ئاگاداری ئابوریی مافیایی و ئەخلاقیاتی جەردەیی و کوشتن و بڕین و تاڵانیی و گەندەڵیی ھێزە باڵادەستەکانن، بەتایبەتی ھێزە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان. ڕوکارە سوڵتانیی و خێزانیی و بنەماڵەییەکانی ئەم سیاسەتە دەناسن، بەو دابەشبونە ناوەکییە گەورانەش ئاشنان کە ھێزە جیاوازەکانی ئەم مەسەلەیەی، ھەم کردوە بە دوژمنی یەکتر و ھەم ھەریەکێکیانی فڕێداوەتە باوەشی یەکێک لە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە.
لە نێوان ئەو دو وێنەیەدا ناکۆکیی گەورە و قوڵ و ھەمەلایەن ھەیە کە ڕەگەکانیان لەناو سیاسەتی کوردیی خۆی و ئاکاری ھێزە باڵادەستەکانیدایە، نەک لە ناو شێوازی وێناکردنی دونیای دەرەوەدا بۆ مەسەلەی کورد. یەکێک لە تەحەدا سەرەکییەکانی مەسەلەی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا کۆتاییھێنانە بەم ناکۆکییە ناوەکییە، کۆتایھێنانە بە ناکۆکیی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی میلەتێک کە تەسلیم نابێت و بەرگریی لەخۆی و شوناسەکانی دەکات، لەگەڵ ھێزە سیاسییە سەرەکییەکانیدا، وەک ھێزی سوڵتانیی مافیایی نادیموکراس و کورتبین. بەردەوامبونی ئەم ناکۆکییە ھەمو مانایەک لە مەسەلەی کورد لەم سەدەیەشدا، دەسێنێتەوە. سەرلەنوێ داڕشتانەوەی مەسەلەی کورد لە دەرەوەی لۆژیکە سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییەکانی سیاسەت و لە دەرەوەی فۆرمە جیاوازەکانی پەڕگیری دینیی و ئەتنیی و ئایدیۆلۆژییدا، ئەو تاقە ڕێگایەیە کە دەبێت لەم سەدەیەدا بیگرینە بەر. لەدەرەوەی ئەم ڕێگایەکدا ھیچ شتێکی تر بونی جگە لە تاریکیی، تاریکییەکی گەورەش.
1413 جار خوێندراوەتەوە